سێ منداڵی ئاواره‌ی حه‌له‌بی، شه‌و له سه‌رمان ده‌چنه ناو گه‌راجێكی ئۆتۆمبێله‌وه له گه‌رمیان و به‌یانی بارهه‌ڵگرێك دوو له‌و منداڵانه ده‌كاته ژێره‌وه.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 17ی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ر، له شاره‌دێی رزگاری سه‌ر به شارۆكه‌ی كه‌لار، ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر له گه‌راجێكدا دوو منداڵی خسته ژێره‌وه و یه‌ك له منداڵه‌كان ده‌ستبه‌جێ گیانی له ده‌ست دا.
نه‌قیب كارزان مه‌جید، به‌رپرسی راگه‌یاندنی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هاتوچۆی گه‌رمیان به "وشه"ی راگه‌یاند، به‌هۆی سه‌رماوه سێ منداڵی سووری خه‌ڵكی حه‌له‌ب چوونه‌ته گه‌راجێكی تایبه‌ت به ئۆتۆمبێله بارهه‌ڵگره‌كانی شاره‌دێی رزگاری بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له سه‌رما بپارێزن.
زیاتر روونی ده‌كاته‌وه، ئۆتۆمبێلێكی بارهه‌ڵگر ئاگادار نابێت ئه‌و منداڵانه له‌وێدا خه‌وتوون و یه‌ك له منداڵه‌كان كه ته‌مه‌نی پێنج ساڵانه، به ته‌واوه‌تی ده‌كاته ژێره‌وه و ده‌ستبه‌جێ گیانی له ده‌ست ده‌دات و منداڵێكی تریشیان بریندار ده‌بێت و یه‌كێ له منداڵه‌كانیش به راكردن خۆی له لۆرییه‌كه دوور ده‌خاته‌وه.
به‌رپرسی راگه‌یاندنی هاتوچۆی گه‌رمیان ئاشكرای ده‌كات، شۆفێری بارهه‌ڵگره‌كه به یاسای ژماره 86ی ساڵی 2004 له بنكه‌ی پۆلیسی شاره‌دێی رزگاری گیراوه.
شیرین مه‌حموود چالاكی بواری منداڵان له لێدوانێكدا بۆ "وشه" رای ده‌گه‌یه‌نێت، به‌هۆی خراپی دۆخی ژیانیانه‌وه، به‌شی زۆری منداڵه ئاواره‌كان به‌یانیان زوو ده‌نێردرێن بۆ كاركردن و په‌یداكردنی بژێوی، هه‌ژاری و ئاواره‌یی بووه‌ته مۆته‌كه‌یه‌ك بۆ منداڵانی ئاواره و تا ئێسته هیچ رێگه‌یه‌كیش نه‌گیراوه‌ته‌به‌ر بۆ كارنه‌كردن به‌و منداڵانه.
له سنووری گه‌رمیان زیاتر له 50 هه‌زار ئاواره هه‌یه و له‌نێویاندا نزیكه‌ی 10 خێزانی حه‌له‌بی هه‌ن كه له سووریاوه هاتوون بۆ ئه‌و ناوچه‌یه.
گه‌رمیان/ سه‌بری هۆرینی