خەڵکێکی زۆری دانیشتوانی شاری هەولێر و ئاوارەکان و گەشتیاران و خەڵکی بیانی، ڕۆژانە ڕوو دەکەنە پارکی سامی عەبدولڕەحمان و ڕۆژانە ئاهەنگی هاوسەرگیری و ژوانی عاشقانی تێیدا بەڕێوە دەچێت، جگە لەوەی خەڵکی بە خێزانی دەچن تێیدا دەحەسێنەوە و بۆ ئارامی دەروونی خۆیان خانەوادەکەیان ڕووی تێدەکەن.
هەر لەگەڵ چوونە ژوورەوە لە یەکەم دەروازەی بەرانبەر هۆتێل ڕۆتانا، پەیکەری چەند کەسایەتییەک دانراوە، کە کەس نازانێ هی کێن و کەی ژیاون و چییان بۆ ئەم میللەتە کردووە، کەی مردوون، کێ ئەم پەیکەرانەی دروست کردووە، کام هونەرمەند ئارەقی بۆ ڕشتوون!
کەموکوڕییەکانی ئەم پارکە نایەنە ژماردن، هەر لە کەپر و ساباتی شکاو و بۆری ئاوی دانەپۆشراو و تابلۆی ڕاگەیاندنی شکاو و بۆڕدی کارەبای شکاو... تاد، بگرە تا دەگاتە شێواندنی گۆڕەپانەکان و شکاندنی کورسی و یارییەکانی منداڵان لە لایەن ئاوارەی عارەبەوە هیچ گوێ و گرنگی پێ نادرێت.
پێویستە شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی پارکەکان لێی بە دەنگ بێن، بە هەندی وەربگرن، ئەو ئاوەدانی و جوانییەی شاری هەولێر نەگۆڕنەوە بە وێرانە خاکیک، کە لەسەر دەستی خەڵکی ناحەز و دوژمنانی کورد و کوردستان خەریکە دێتە دی.
هەولێر/ ژیڤان خۆرانی