سامسۆنگ دەكەوێتە مەترسییەوە

:: PM:04:57:16/10/2016 ‌

دوای دروستبوونی چەند كێشەیەكی تەكنیكی لە هاندی "گالاكسی نۆت7"ی كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور، ئەنجامی راپرسییەك لە نێوان بەكارهێنەرانی هاندی كالاكسی وەك زەنگێكی مەترسی بۆ كۆمپانیاكە هات كە رێژەیەكی زۆری ئەوان دووپاتیان كردەوە كە چیتر بەرهەمەكانی سامسۆنگ بەكار ناهێنن.

لە راپرسییەكی سەكۆی "براندینگ براند" بۆ بازرگانی ئەلیكترۆنی كە نزیكەی هەزار كەسی لە بەكارهێنەرانی گالاكسی گرتەوە و لە 11 و 12ی ئەم مانگە ئەنجام دراوە، دەركەوت كە 40%ی ئەوان لە داهاتوو جارێكی تر هاندی سامسۆنگ ناكڕن، ئەوەش دوای رووداوەكانی سووتانی هاندی "نۆت7" كە كۆمپانیاكە راگرتنی ئەو مۆدێلەی هاندەكانی راگەیاند و قەدەغەی فرۆشتنی لە بازاڕەكانی دنیا كرد.

لە سەرەتای دەركەوتنی ئەو كێشەی گالاكسی نۆت7 كۆمپانیای سامسۆنگ 7 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی زیانی كردووە، ئەوەش دوای دابەزینی نرخی پشەكەكانی لە بۆڕسەكانی دنیا.

دوای دەركەوتنی كێشەكە سامسۆنگ دەستی كرد بە كشاندنەوەی ئەو جۆرە هاندە لە بازاڕەكان و گۆڕینی بە هاندی تر و ئەو هەنگاوەش بەپێی دامەزراوەی "فاكتێست"ی تایبەت بە بواری زانیاری دارایی زیانی 26 ملیار دۆلاری لە بەهای بازاڕی سامسۆنگ داوە.

زیانەكانی كۆمپانیای سامسۆنگ بە گۆڕینی هاندی نۆت7 نەوەستا، بەڵكو كێشەكە بەردەوام بوو و ناچار بوو كە وەستانی بەرهەمهێنانی ئەو هاندە و فرۆشتنی لە بازاڕەكان رابگەیەنێ كە ئەوەش زیانی 17 ملیار دۆلاری تری لێ دەدات بەپێی لێكدانەوەی شرۆڤەكاران. 

سەرچاوە: سكای نیوز


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل