هەولێر 56 ملیار دیناری بۆ ئاوارەكان خەرج كردووە

:: PM:05:42:17/01/2017 ‌


بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر، خەرجی و داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەكەیانی راگەیاند و ئاماژەی دا، هەرچەندە تەنگژەی دارایی كاریگەری هەبووە لەسەریان، بەڵام بەردەوام بوون لە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان.

ئەمڕۆ سێشەم د. سامان بەرزنجی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر بە"وشە"ی راگەیاند، خەرجییەكانی تەندروستیی هەولێر بۆ ساڵی 2016 (138) ملیار دینار بووە، جیا لە خەرجی ئاوارەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی هەولێر 56 ملیار دینار بووە".

بەڕێوەبەری گشتی تەندروستیی هەولێر زیاتر گوتی، سەرباری تەنگژەی دارایی لە هەرێمی كوردستان، داهاتی بەڕێوەبەرایەتییەكە هەشت ملیار دینار بووە لەو ساڵەدا.

د. سامان بەرزنجی دەڵێ‌، كەمی دەرمان و پێداویستی پزیشكی، كێشەی بۆ دروست كردوون و داوای لە وەزارەتی تەندروستیی عێراق و رێكخراوەكانی نێودەوڵەتییەكان كرد هاوكارییان بكەن بۆ تێپەڕاندنی كێشەكانیان.

هاوكات پێشتر وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هۆشداری دابوو لە كەمبوونەوەی دەرمان و پێویستییە پزیشكییەكان بەهۆی زۆری ئاوارەكان و بریندارەكانی سوپای عێراق لە نەخۆشخانەكانی پارێزگای هەولێر، لەگەڵ ئەوەشدا بەشێك لەو رێكخراوە نێودەوڵەتییانەی سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵێنی هاوكاریی تەندروستی بە كوردستان دەدەن.







وشە - سه‌رخێڵ هاشم