گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی لێدوانی چەند پەرلەمانتارێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەداتەوە و رای دەگەیەنێت، ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەو ژمارانەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتەكانیدا بڵاویاندەكاتەوە.
ماڵپەڕی فەرمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لێدوانێكی سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بڵاوكردەوە و رای گەیاندووە، چەند پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عیراق رایانگەیاندووە كە لە كۆبوونەوەیەكدا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عیراق پێی گوتوون حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕۆژانە ملیۆنێك و 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوە دەكات.
سەفین دزەیی زیاتر گوتی، نازانین ئەگەر ئەو پەرلەمانتارانە بووبن بە گوتەبێژی سەرۆك وەزیرانی عیراق، بەڵام ئێمە نە بە شێوەیەكی فەرمی و نە نافەرمیش نەمانبیستووە عەبادی قسەیەكی وای كردبێت، چونكە ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان ئەو ژمارانەن كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاپۆرتەكانیدا بڵاویاندەكاتەوە و هەمان ئەو ژمارانەن كە لە كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی نەوت وەریاندەگرێت.
گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاندووە، ئەو پەرلەمانتارانە، یا ئەو گوتەبێژانەی سەرۆك وەزیرانی عیراق باشتر وابوو بەرلەوەی بۆ خۆدەرخستن و لە خۆیانەوە لێدوانی بێبنەما و بێسەرووبەری لەو شێوەیە بدەن، پرسیارێك لە لایەنە پەیوەندارەكانی وەزارتی سامانە سروشتییەكان بكەن تاكو ژمارەی ڕاستەقینەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستانیان دەستكەوێت.