وەزارەتی ناوخۆ رێنوێنیی نوێ‌ بۆ سەرپێچیی هاتوچۆ دەردەكات

:: PM:06:04:17/01/2017 ‌


وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێنوێنیی نوێ‌ لەسەر سەرپێچی هاتوچۆ دەردەكاتی و فڕاكسیۆنی پارتیش بە پێچەوانەی بڕیارەكانی پێشووی وەزارەتەكە دەزانێت.

ئەمڕۆ سێشەم فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێكی داوا دەكات ڕاگرتنی جێبەجێكردنی رێنوێنیی ژمارە (8)ی ساڵی 2016، تایبەت بە "پێبژاردنی سەرپێچییەكانی هاتوچۆ، بە سیستەمی پشكی مانگانە" تا ئاساییبوونەوەی باری دارایی هەرێمی كوردستان.

لە بەشێكی تری رێنوێنییەكان هاتووە، پێڕەوكردنی سیستەمی بە پشككردنی سزاكانی هاتوچۆ، لەسەر گشت ئۆتۆمبێلە تۆماركراوەكان لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان، هەروەها سزاكان دابەش دەكرێنە سەر (12) پشكی ساڵانە و دەبێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا، گشت سزا تۆماركراوەكان لەسەر ئۆتۆمبێل بكرێت.

وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە رێنوێنییەكان دەڵێت، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆ ڕادەسپێردرێت بە ڕاوێژكردن لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتییەكانی هاتوچۆی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەسەر ڕێكخستنی لایەنە هونەرییەكانی ئەم سیستەمە، كە ئەو سیستەمە بەشێوەی ئارەزوومەندانە دەبێت و دوای ڕەزامەندبوونی خاوەن ئۆتۆمبێل، دەبێت پابەند بێت بە سیستەمەكە و هەر سزایەكی نوێ لە ماوەی جێبەجێكردنی ئەم سیستەمە تۆمار بكرێت، پێویستە لە ماوەی ئەو ساڵەدا بدرێت. 

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی لە ڕاگەیەندراوێكیدا، دژایەتی خۆی بۆ ئەم بڕیارە ڕاگەیاند و دەڵێت، پشتگیریكردنی خەڵك و چینی هەژاران، بە ئەولەوییەتی كارەكانی خۆی دەزانێت، بۆیە لەو ڕوانگەیەوە پاڵپشتی هەر بڕیارێك دەكات كە گوزەران و دۆخی سەختی ئابووریی هەرێمی كوردستان لەبەرچاو بگیرێت و داوای ڕاگرتنی هەر بڕیارێكیش دەكات كە پاڵەپەستۆی زیاتر لەسەر ژیان و گوزەرانی هاونیشتمانییانی هەرێمی كوردستان دروست بكات.





وشە - رامیار جەواد