وەزارەتێكی حكوومەت و زانكۆی كوردستان رێككەوتن دەكەن

:: PM:09:00:17/01/2017 ‌


وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و زانكۆی كوردستان لە هەولێر رێككەوتنێكیان واژوو كرد، كە بەپێی رێككەوتنەكە  لە پێدانی زانیاری و پڕۆژە و ئەو توێژینەوانەی پەیوەستە بە كۆمەڵگەی كوردستانی هاوكاری یەكتر دەكەن.

ئەمڕۆ سێشەم لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارو كاورباری كۆمەڵایەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان  بڵاوكراوەتەوە تێیدا هاتووە، وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی و زانكۆی كوردستان/هەولێر رێككەوتننامەی لەیەكگەیشتنیان واژوو كرد بەمەبەستی هەماهەنگی درووست كردن لەنێوانیان.

لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە هەردوو لایەن ئاسانكاری بۆ یەكتر ئەنجام دەدەن لە پێدانی زانیاری و پڕۆژە و ئەو توێژینەوانەی پەیوەستە بە كۆمەڵگەی كوردستانی لەگشت ئەو بوارانەی كە كاری وەزارەتن.


لەبەشێكی تری راگەیەنراوەكەدا ئاشكرا كراوە، هەردوو لایەن ئامانجیان بنیاتنانی پردی پێوەندییە لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژە زانستییەكان و  سوود گەیاندن بە كۆمەڵگەی كوردستان، هەروەها لەو بوارانەی كە ئەرك و پسپۆریەكانی وەزارەت و زانكۆی كوردستان دەگرنە خۆ و سوودی درێژخایەن بە كۆمەڵگە دەگەیەنن.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم