ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك بریارێكی دژی جووتیارانی كورد راگرت

:: PM:09:04:17/01/2017 ‌


ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك، بڕیارێكی دادگەی تایبەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستی كشتوكاڵی رەتكردەوە ئەوەش دوای ئەوەی زانراوە بڕیارەكە پێچەوانەی بڕیارەكانی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە.

ئەمڕۆ سێشەم ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك راگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنەكە بڕیارێكی دادگە تایبەت بە نوێكردنەوەی گرێبەستی كشتوكاڵی بۆ ئەو كەسانەی لەسەر حسابی خاوەنە رەسەنەكانی زەوییە كشتوكاڵییەكان سوودمەند بوون رەتكرایەوە.

بەپێی بەدواداچوونەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ئەو بڕیارەی دادگە داویەتی دژی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە و لەوبارەیەوە لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێویستە سەرجەم فەرمانگە پەیوەندیدارەكان جێبەجێكردنی ئەو بڕیارەی دادگە رابگرن، چونكە تەواو دژ و پێچەوانەی دەستووری عێراق و مادەی (١٤٠)ە.

بڕیارەكەی دادگەی كەركووك شەرعیەت دەداتە ئەو جووتیارانەی پێشتر و لەسەردەمی رژێمی رووخاوی بەعس دەستیان بەسەر زەوییە كشتوكاڵییەكانی جووتیارانی كورد و توركمان دا گرتبوو، بەڵام بەپێی راگەیەنراوەكەی ئەنجوومەنی پارێزكای كەركووك كاركردن بەوبڕیارە رادەگیرێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم