سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، ماوەی 10 ساڵە كارگەیەكی خشت لە ناوچەی تانجەرۆ بڕی 50 هەزار تۆن گۆگردی هەڵگرتووە و مەترسی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروستكردوە.
غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەمڕۆ سێ شەممە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ماوەی 10 ساڵە كارگەی خشتی سیروان لە ناوچەی تانجەرۆ بڕێكی زۆر گۆگردی هەڵگرتووە و نە بەكارهاتوە و نە ڕەوانەی شوێنی خۆی دەكاتەوە، ئەوەش مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروستكردووە.
ئەوەشی گوت، ئەو كارگەیە لەگەڵ ئەو هەموو مەترسیەی كە دروستكردووە لەسەر ژیانی هاووڵاتیان تەنها بڕی 2 ملیۆن دینار غەرامە كراوە و نەڕۆشتووە غەرامەكەش بكات، ئەو گۆگردەش زیانی بۆ سەر هاووڵاتیان هەیە بە تایبەتی لەم وەرزەی ئێستا.
گوتیشی: "ئەو گۆگردە بڕێكی زۆرە و لە دەرەوە دانراوە و ئێستا كە باران لێی دەدات، ئاوەكەی دەچێتەوە تانجەرۆ و دواتر دەچێتەوە سەر ئاوی دەربەندیخان و مەترسی زۆری لەسەر ئەو ئاوە دروستكردوە، لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیەكی زۆری لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروستكردوە، چونكە كە باران لێی دەدات ئاوەكەی دەچێتە ژێر زەوی و تێكەڵ بەو ئاوە دەبێت.
لای خۆیەوە محەمەد غەریب، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینكەی سلێمانی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە هەر شوێنێك گۆگرد هەبوو ئاو و هەوا و ژینگەی ئەو ناوچەیە پیس دەبێت و كاریگەری خراپ و مەترسیداری دەبێت بۆ سەر تەندروستی هاووڵاتیان.
ئاماژەی دا، كاتێك گۆگرد لە شوێنێك هەیە، تێكەڵ بە هەوا دەبێت و ئۆكسجین پیس دەبێت و ئەوەش مەترسیدارە، هەروەها تێكەڵ بە ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی دەبێت و جارێكی تریش بۆ تەندروستی هاووڵاتیان مەترسیدار دەبێت.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی