میدیا زه‌ندى له رۆژگارێكدا ده‌چێته ناو دنیاى راگه‌یاندنه‌وه، هه‌موو كارێك له ده‌ره‌وه‌ى ماڵ خه‌تى سوور بووه بۆ ژن، وه‌لێ پێشه‌نگیى خاتوو میدیا له‌وه‌دا بووه دووجار رچه‌شكێنى كردووه، یه‌كه‌میان وه‌ك یه‌كه‌مین بێژه‌ری ژنی كورد له رادیۆی كوردی تاران ده‌ستبه‌كار بووه. دووه‌میان هاوسه‌رگیری كردووه له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندی ناوداری كورد حه‌سه‌ن زیره‌ك كه ئه‌وكات زۆربه‌ى بنه‌ماڵه‌كان ئاماده نه‌بوون كچ بده‌ن به‌كه‌سانى هونه‌رمه‌ند.
له‌باره‌ى چۆنیه‌تى پێكهێنانى ژیانى هاوسه‌رێتى له‌گه‌ڵ زیره‌كدا میدیاخانم له چاوپێكه‌تنێكدا ده‌ڵێ: "من 13 ساڵان بووم و له قوتابخانه ده‌رسم ده‌خوێند، ڕۆژێك كه هاتمه‌وه ماڵێ، دیتم پیاوێك له ژوورێ له‌گه‌ڵ بابم دانیشتووه، ئیدی سڵاوم كرد و هاتمه ده‌رێ، بۆ سبه‌ینه‌كه‌ی كه هاتمه‌وه ماڵێ، دیتم حه‌سه‌ن له‌گه‌ڵ دوو خانمان كه هه‌ردووكیان وا دیار بوو خێزانی بوون، له‌وێ دانیشتبوون و منیش سڵاوم كرد و له‌گه‌ڵ وان دانیشتم، هه‌ر له‌و ده‌مه‌دا حه‌سه‌ن گۆرانی "وه‌ره قوربانی" گوت، كه گۆرانییه‌كه‌ی گوت من له‌وێ ڕۆیشتم. "به پێكه‌نینه‌وه ده‌ڵێ..." حه‌سه‌ن جا دواتر كه بۆی گێڕامه‌وه گوتی: "من ئه‌گه‌ر گۆرانیم ده‌گوت هه‌رچی كچ و ژن بوو گوێیان بۆ گۆرانی من هه‌ڵده‌خست، به‌ڵام تۆ وا دیار بوو گۆرانییه‌كه‌ت پێ خۆش نه‌بوو، بۆیه له‌وێ ڕۆیشتی، بۆیه ئه‌وده‌م كه ڕۆیشتی گوتم شه‌رت بێ بتهێنم. له ئاكامدا له ساڵی 1957 پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی زیره‌ك له باشووری كوردستان و به‌هۆی نزیكبوونى له باوكم له ڕادیۆ كوردی تاران دامه‌زرا و له ساڵى 1958 ژیانی هاوبه‌شیم له‌گه‌ڵ پێكهێنا".
ئاكامی ئه‌و ژیانه هاوبه‌شه دوو كچه به ناوه‌كانی مه‌هتاب (ئاره‌زوو) و مه‌هناز (ساكار). زیره‌ك بۆ كچه‌كانی چه‌ندان گۆرانی ئاماده كردووه، له‌وانه "خونچه‌ی دڵه‌كه‌م مه‌هتابه، خونچه‌ی دڵه‌كه‌م ئاره‌زوو، بۆم ببه به‌گوڵ زوو به زوو”.
میدیا جیا له‌بوێرى و خودان بڕیاردانى خۆی بووه، وه‌لێ باوكیشى فاكته‌رێكى سه‌ره‌كى بووه بۆ ئه‌وه‌ى بواری بێژه‌رى هه‌ڵبژێرێت و هاوسه‌رگیرى له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندێك بكات، چونكه كه‌سێكى رۆشنبیر بووه.
میدیا له‌باره‌ى باوكیه‌وه ده‌ڵێ، "بابم یه‌كێك له دامه‌زرێنه‌رانی كۆمه‌ڵه‌ی "ژ. ك" بوو، ئه‌و باڵه‌خانه‌یه‌ی ئیداره‌ی شاره‌داری له مه‌یدانی چوارچرای مه‌هاباد، ماڵی ئێمه بوو و ئه‌و هه‌وه‌ڵ كه‌س بوو كه ئه‌وده‌م له ساڵی 1926 بۆ یه‌كه‌م جار له مێژوودا "كتێبی ئینجیل"ی بۆ سه‌ر زمانی كوردی وه‌رگێڕاوه. دواتر بابم به پێیان له مه‌هاباده‌وه به ده‌ستی به‌تاڵ چوو بۆ ئه‌ڵمانیا و دكتۆرای وه‌رگرت و پاش 10 ساڵان بۆ وڵات گه‌ڕایه‌وه".
مامۆستا هێمن موكریانى له‌باره‌ى دڵسۆزى و تێكۆشه‌رى عه‌زیز زه‌ندییه‌وه ده‌ڵێ، "پیاوێكى زۆر تێكۆشه‌ر و ئازا و پاك بوو، ره‌نجێكى زۆرى كێشا".
مامۆستا هه‌ژاریش ده‌ڵێ "پیاوێكی زۆر زانا و ده‌مپاراو بوو".
میدیا زه‌ندی كچی عه‌زیز زه‌ندی به ڕه‌چه‌ڵه‌ك خه‌ڵكی شاری مه‌راغه بووه. له ساڵی 1940 له شاری مه‌هاباد له‌دایك بووه. له ته‌مه‌نی 17 ساڵییه‌وه هاتووه‌ته بواری راگه‌یاندن و له رادیۆ كوردی تاران ده‌ستی به كار كرد. له ساڵى 1962 پاش داخستنى به‌شى كوردیى رادیۆى تاران، میدیا له ناوه‌ندی رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی كرماشان هاوشانى د. سدیق موفتى زاده، ئه‌حمه‌د موفتى زاده، شوكوروڵاى بابان، زه‌هرا ئاینى، شه‌وكه‌ت لهۆنى، محه‌مه‌د كه‌مانگه‌ر، محه‌مه‌د عه‌لى زه‌بیحى و دواتریش له رادیۆ سنه وه‌ك بێژه‌ر درێژه‌ی به كاره‌كه‌ی داوه.
میدیا زه‌ندی به‌گشتی پتر له‌نیو سه‌ده له‌مه‌وبه‌ر چالاكی خۆی له رادیۆی كوردی تاران به‌رنامه‌ی بۆ ده‌ره‌وه‌ی ئێران بڵاو ده‌كرده‌وه، جیا له‌وه‌ى هه‌واڵی ده‌خوێنده‌وه، هاوكات له زۆربه‌ی چیرۆكه‌كانی رادیۆ و زنجیره دراما كوردییه‌كانی كه له رادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆنی ئێران و رادیۆی كوردی تاران و كه‌ناڵی ئاسمانی سه‌حه‌ر بڵاو ده‌كرانه‌وه، وه‌ك كاری دۆبلاج له ستافه‌كاندا هاوكاری ده‌كردن. له هه‌ندێ له گۆرانییه‌كان وه‌ك "باران بارانه" و "نیزام نیزام" كه له ڕادیۆ تۆمار كراون و ده‌نگی خانمێك دێته گوێ، ئه‌ویش میدیاى زه‌ندییه كه له‌گه‌ڵ زیره‌ك گۆرانى گوتووه .
له مانگی گوڵانی ساڵی 2004دا به مه‌به‌ستی پێ‌زانین و رێزگرتن له ساڵانی چالاكی هونه‌ری هونه‌رمه‌ندانی ناوداری موزیكی كوردی، له‌لایه‌ن قوتابیانی كوردی زانكۆ له تاران، فێستیڤاڵی موزیك و گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕكێی كوردی به‌ڕێوه چوو كه له‌و كۆڕه‌دا رێز له ژماره‌یه‌ك له موزیكزانانی كوردستان گیرا، له‌وانه هونه‌رمه‌ند "حه‌سه‌ن زیره‌ك” كه له‌وێ خاتوو میدیا زه‌ندی به ناوی بنه‌ماڵه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك خه‌ڵات و تابلۆی رێزلێنانی ئه‌و فێستیڤاڵه‌ی پێ به‌خشرا.
میدیا زه‌ندی له كتێبێكدا به ناوی "چریكه‌ی كوردستان” كه له كاتی ژیانی حه‌سه‌ن زیره‌ك به هاوكاری دكتۆر محه‌مه‌د سدیق موفتی زاده بڵاو كرایه‌وه، پێكهاتبوو له ژیاننامه‌ی حه‌سه‌ن زیره‌ك به هۆنراوه‌ی زیره‌ك خۆی؛ وتارێكی له‌باره‌ی پێگه و تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی هونه‌ری حه‌سه‌ن زیره‌ك نووسییه‌وه. دواتر هه‌مان كتێبی به‌شێوه‌یه‌كی جوانتر بڵاو كرده‌وه.
له ساڵی 2004دا به هه‌وڵ و تێكۆشانی میدیا زه‌ندی، له‌لایه‌ن كۆمپانیای فه‌رهه‌نگی هونه‌ری "ماهوور” كه ناوه‌ندێكی زۆر به‌ناوبانگه، 13 گۆرانی له به‌رهه‌مه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك له ئه‌لبوومێكدا به ناوی "ترانه‌های حسن زیرك” واته گۆرانییه‌كانی حه‌سه‌ن زیره‌ك به‌شێوه‌ی فه‌رمی بڵاو كرایه‌وه.
میدیای زه‌ندی له رۆژی 20/5/2008 له نه‌خۆشخانه‌ی تووس له شارى تاران به‌یه‌كجارى ماڵئاوایى له دۆستان و ئازیزانى ده‌كات و كۆچی دوایی ده‌كات.
سه‌رچاوه:
1- چێشتى مجێو‌ر- هه‌ژار موكریانى. 2- دیوانى تاریك و روون- هێمن موركریانى. 3- په‌یجى حه‌سه‌ن زیره‌ك. 4- ماڵپه‌ڕی په‌یامنێر و ویكیپێدیا.
وشه/ ستار جه‌بارى