یانە چینییەكان داوای بەنزیمایان كردبوو

:: AM:09:58:18/01/2017 ‌


یانەی تیانگین كوانجینی چینی ئاشكرای كرد كە بەفەرمی دەستەوارەیەكیان پێشكەش بە یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی كردووە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ كەریم بەنزیمای هێرشبەری فڕەنسی.

رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی لەسەر زاری لشۆ یوهۆی خاوەنی یانەی تیانگین كوانجین گواستییەوە كە هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ باشترین هێرشبەرانی جیهان داوە، یەكێك لەوانەش كەریم بەنزیمای هێرشبەری یانەی ریال مەدرید بووە، بەڵام بەهۆی یاسا نوێیەكانی خولی تۆپی پێی چین رەنگە لە داواكەیان پەشیمان ببنەوە.

سەرۆكی یانەكە جەختیشی كردەوە كە هەوڵی گرێبەستكردنیان لەگەڵ كاڤانی هێرشبەری یانەی پاریس سان جێرمان و دییگۆ كۆستای هێرشبەری یانەی چێڵسیی ئینگلیزیش داوە، بۆ ئەمەش لە ماڵەكەی خۆیدا كۆبوونەوەی لەگەڵ خۆرخێ میندێزی بەڕێوەبەری كارەكانیان كردووە.

ئاماژەی بەوەشدا كە چیتر ناتوانن گرێبەستی نوێ لەگەڵ باشترین یاریزانانی خولەكانی ئەوروپا بكەن، ئەویش بەهۆی یاسا و سیستەمی نوێی خولی تۆپی پێی چینەوە.

یەكەتیی تۆپی پێی چین لەم هەفتەیەدا یاسایەكی نوێی بۆ خولی تۆپی پێی وڵاتەكەی دانا، بەپێی یاساكەش هیچ یانەیەكی ئەو وڵاتە ناتوانێ لەنێو یاریگە لە یارییەكدا بە زیاتر لە 3 یاریزانی بیانی بكات، یاساكەش لە سەرەتای وەرزی داهاتوو لە 2018 جێبەجێ دەكرێت.

جێی باسە یانە چینییەكان لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بە هۆی پێدانی پارەیەكی زۆر و خەیاڵی دڵی زۆرێك لە ئەستێرەكانی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهانیان بۆ خۆیان راكێشا، دوایین گرێبەستی یانە چینییەكان لەگەڵ كارلۆس تێڤێزی هێرشبەری ئەرجەنتینی و ئۆسكار دۆس سانتۆسی یاریزانی هێڵی ناوەڕاستی بەڕازیلی و یانەی چێڵسی ئینگلیزی بوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م