بەرشەلۆنە بۆ هەر خاڵێكی خولی ئیسپانیا 4 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە

:: AM:10:15:18/01/2017 ‌

بەگوێرەی تۆژینەوەیەك یانەی بەرشەلۆنە وەرزی رابردوو زۆرترین پارەی خەرج كردووە تەنیا بۆ ئەوەی ناسناوی خولی ئیسپانیا بەدەست بێنێ.

یانەی بەرشەلۆنە وەرزی رابردوو 2015-2016 توانی ناسناوی خولی ئیسپانیا بەدەست بێنێ، بێگومان بەدەستهێنانی ئەم ناسناوەش هەروا بە ئاسانی نەبووە و پارەیەكی زۆر و خەیاڵی لێ خەرج كراوە.

یانەكە لەنێوان هەر پێنج خولە گەورەكەی ئەوروپا زۆترین پارەی خەرج كردووە بۆ ئەوەی ناسناوی خولی ئیسپانیا بباتەوە، بێگومان بەشی زۆری ئەو پارەیەش بۆ مووچەی یاریزانەكان بەتایبەتیش هەرسێ هێرشبەرەكەی لیۆنێل میسی و لویس سوارێز و نیمار دا سیلڤا رۆیشتوون.

ناوەندی (كی بی ئێم جی) بۆ تۆژینەوە وەرزشییەكان ئاشكرای كرد كە یانەی بەرشەلۆنە وەرزی رابردوو 373 ملیۆن یۆرۆی خەرج كرد تا بە 91 خاڵ ناسناوی خولی ئیسپانیا بەرز بكاتەوە، واتە بۆ بەدەستهێنانی هەر خاڵێكی خولەكە یانەكە 4.1 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە.

لە ریزی دووەمی ئەو یانانەی كە زۆرترین پارەیان بۆ بەدەستهێنانی خولی وڵاتەكەیان خەرج كردووە، یانەی بایرن میونشن دێت كە بۆ هەر خاڵێكی خولی ئەڵمانیا 3.1 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە.

یانەی پاریس سان جێرمانیش بۆ بەدەستهێنانی هەر خاڵێك لە خولی فڕەنسا 3 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە، دوای ئەویش یانەی یۆڤانتۆس دێت كە بۆ هەر خاڵێكی خولی ئیتاڵیا 2.4 ملیۆن یۆرۆی خەرج كردووە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م