مانچستەر سیتی بەدوای گۆڵپارێزێكی نوێ دەگەڕێ

:: AM:10:28:18/01/2017 ‌

یانەی مانچستەر سیتیی ئینگلیزی بڕیاریداوە بەدوای گۆڵپارێزێكی نوێ بگەڕێ بۆ شوێنگرتنەوەی كلاودیۆ بڕاڤۆی گۆڵپارێزی چیلی.

براڤۆ هاوینی رابردوو بە گرێبەستێك لە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی پەیوەندی بە یانەی مانچستەر سیتییەوە كرد، بەڵام ئەو گۆڵپارێزە سەركەوتوو نەبوو لە پێشكەش كردنی ئاستێكی بەرز لە ریزی یانەكەدا.

لە نوێترین تۆژینەوەشدا دەركەوتووە كە براڤۆ لە كۆی 22 ئاراستەكردنی تۆپ بۆ سەر گۆڵی یانەی مانچستەر سیتی، 14 گۆڵی لێ كراوە و ئەمەش خراپترین ئاستە كە لە ماوەی رابردوودا پێشكەشی كردووە.

رۆژنامەی (گاردیان)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: پیپ گواردیۆلای راهێنەری ئیسپانی بە ئاستی ئێستای براڤۆ رازی نییە و دەیەوێ گرێبەست لەگەڵ گۆڵپارێزێكی نوێ بهێنێتە ریزی یانەكەیەوە بۆ ئەوی شوێنی ئەو گۆڵپارێزەی پێشووی یانەی بەرشەلۆنە بگرێتەوە.

رۆژنامەكە هەروەها بڵاوی كردەوە: مانچستەر سیتی لەسەر داوای گواردیۆلا بڕیاریداوە لە هاوینی داهاتوودا گرێبەستی ویلی كابایێرۆ نوێ نەكاتەوە و بەشێوەی ئازاد دەستبەرداری بێت، لە شوێنی ئەویش گۆڵپارێزێكی نوێ و ئاستبەرز بهێنێتە یانەكەوە.

ئەو گۆڵپارێزە نوێیەی كە دێتە یانەی مانچستەر سیتی، دەبێتە گۆڵپارێزی سەرەكی و براڤۆش وەك یەدەگی ئەو پارێزگاری لە گۆڵی یانەی مانچستەر سیتی دەكات.

لە ماوەی رابردوودا بەشێك هاندەرانی یانەی مانچستەر سیتی داوایان كردووە جۆ هارتی گۆڵپارێزی پێشووی یانەكەیان بگەڕێننەوە ریزی یانەكەیان دوای ئەوەی ئێستا باشترین ئاست لەگەڵ یانەی تۆرینۆ لە خولی ئیتاڵیا پێشكەش دەكات، بەڵام گواردیۆلا بەهیچ شێوەیەك رازی نییە ئەو گۆڵپارێزە دووبارە بگەڕێنێتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م