لە مۆزه‌خانه‌ی ئەمنەسوورەکەی سلێمانی، هونەرمەندێکی شێوەکار له پێشانگه‌یه‌كدا پانۆرامای خۆڕاگریی کورد و مێژووی کوردی له 60 تابلۆدا پێشكه‌ش كرد.
ئه‌مڕۆ سێشه‌م (سێی ئه‌یلوول) کەمال هەژار سەبارەت بەو كاره‌ی بە "وشە"ی گوت: پێشانگه‌کەم باس لە پانۆرامای خۆڕاگریی کورد دەکات، و تێیدا شۆڕشەکانی کورد و قەڵاکانی کوردستان له تابلۆدا نیشان داوه.
کەمال رەحیم ناسراو بە کەمال هەژار لە دایکبووی شاری سلێمانیە و زیاتر لە 40 ساڵە لە بواری شێوەکاری کار دەکات. ده‌رباره‌ی ورده‌كاریی ئه‌م پێشانگه‌یه گوتی: زیاتر لە 60 تابلۆم لە پێشانگه‌کەدا نمایش کردبوو، بە بۆیەی زەیتی لەسەر کانڤاس کێشاومن تا ماوەیەکی زیاتر بمێنێتەوە و تێک نەچێت، چونکە مێژووی کوردە.
پێشانگه‌کە ماوەی هەفتەیەک بەردەوام دەبێت و ڕۆژانە له سه‌عات نۆی بەیانی بۆ حه‌وتی ئێوارە به‌رده‌وام ده‌بێ.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی بۆچی مۆزه‌خانه‌ی ئه‌منه‌سووره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردووه، كه‌مال هه‌ژار گوتی، لە هۆڵی ئەمنەسوورەکە شوێنی ئازار و ئەشکەنجەی کورد بووە و دوو برام لەم شوێنەدا دەستبەسەر بووە و ئازار دراون.
ئەو شێوەکارە دەشڵێت: بۆشاییەک هەبوو لە وڵاتەکەمدا، کەس ناتوانێت دروسی بکات و بیفرۆشێت، من خۆم داوە لە قەرەی ئەم کارە چونکە شێوەکاران شەرم دەکەن مێژووی وڵاتەکەیان بکەن بە تابلۆ و بیفرۆشن.
کەمال هەژار خاوەنی حەوت پێشانگه‌ی تایبەتە و بەشداری دەیان پێشانگای هاوبەشی کردووە و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وێنە دەکێشێت و لە پێشانگای ئەمجارەیدا کارێکی تایبەتی کرد لەسەر مێژووی کورد.
سلێمانی – ئاریان محەمەد