"وشە" دانپێدانانی بكوژەكەی شادیە بڵاو دەكاتەوە

:: AM:09:53:04/09/2019 ‌

دوای ئەوەی یەكی ئەیلوول‌ لە بەردەم دادگای هەولێر ژنێك كوژرا، كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و بەپێی بەدواداچوونێكی "وشە" دەركەوتووە بكوژەكە بەنیازی كوشتنی كەسێكی تریش بووە.

ئەمڕۆ چوارشەم چواری ئەیلوول، هۆگر عەزیز گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، تۆمەتباری سەرەكی كوشتنی ژنەكەی پێش دادگای هەولێر ددانی ناوە بە تاوانەكەی و لە لێكۆڵینەوەكان ئاشكرای كردووە كە تەنیا خۆی پلانی كوشتنی داناوە.

ئاشكرای كرد، بكوژەكە ئاماژەی بەناوی كەسی تر نەكردووە و بە تەنیا خۆی پلانی بۆ كوشتنەكە داناوە و بڕیاری وابوو كەسێكی تریش بكوژێت.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بكوژەكە هەوڵی داوە مێردی خوشكەكەشی بكوژێت كە دەستی لەو دۆسیەیە هەبووە، بەڵام بەهۆی هەڵاتنی دوای بەربوونی لە بەندینخانە، نەكەوتە بەردەستی.

هاوكات ئەو بەرپرسەی پۆلیسی هەولێر ئاشكرای كردووە، تا ئێستە بەهۆی گەرمی ڕووداوەكە كەسوكاری نەهاتوونەتە پێش بۆ تۆماركردنی سكاڵا.

ڕووداوی كوشتنی شادیە جاسم حەمەد عەلی لە سەعات 11 یەكی ئەیلوول لە بەردەم دادگا بە دەستی "ئ ، ق حەمەد عەلی" كە هاوسەریەتی و ئامۆزاشیەتی خەڵكی شارۆكەی خەباتن، هۆكاری رووداوەكەش ژنەكە كوژراوەكە ساڵی 2010 هاوسەرگیری لەگەڵ مێردە بكوژەكەی كردووە، بەپێی گرێبەستی هاوسەرگیری ژمارە 577 لە ڕێكەوتی 1/12/2010 لە دادگای باری كەسی خەبات دەرچووە، بەڵام منداڵـیان نییە.

ژنە كوژراوەكە لە ڕێكەوتی 17/11/2017 گیراوە لەسەر سكاڵای مێردەكەی بەتۆمەتی خیانەتی هاوسەریی، لە قۆناغی لێكۆڵینەوە و دادگاییكردن ددانی بە تاوانەكەی داناوە، دادگای كەتنی خەبات بە بڕیاری ژمارە 9/ك/2018 لە ڕێكەوتی 31/1/2018 بە پێی مادەی 377 سزای داوە بە سێ‌ ساڵ گرتن.

دواتر شادیە بەهۆی سوودمەندبوونی لە یاسای لێبوردنی گشتی و (ئازادكردنی بە مەرج) تەنیا ساڵێك و چوار مانگ لە گرتووخانە بوو، لە مانگی سێی ئەمساڵ ئازاد كرا، دوای ئازادكردنی ناردرایە ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشە لێكراو، تا باوكی و مێردە بكوژەكەی بەڵێننامەیان دا كە سەلامەتی گیانی بپارێزن، ژنەكە دەگەڕێتەوە ماڵی باوكی لە گوندی جمكە و بنبێرز لە دەوروبەری هەولێر.

شادی كوژراو لە گرتووخانە بوو لە دادگای باری كەسی خەبات داوای جیابوونەوەی تۆمار كرد، بەڵام دادگای باری كەسی خەبات داواكەی رەت كردەوە.

ژنە كوژراوەكە دوای ئازادبوونی دووبارە لە دادگای باری كەسی هەولێر داوای جیابوونەوەی تۆمار كرد بە ژمارە 2541/ش6/2019، بەهۆی ئەوەی لەلایەن مێردە بكوژەكەیەوە هەڕەشەی كوشتنی لەسەرە، دوای شەش دانیشتنی دادبینی بە بەڵگەی یاسایی بۆ دادگا سەلمێنرا كە ئەو پیاوە هەڕەشەی كوشتنی لە ژنەكە كردووە، بە بڕیاری دادوەری باری كەسی هەولێر هەردووكیان رەوانەی لای توێژەری كۆمەڵایەتی كرابوون و ڕۆژی یەكی ئەیلوول هەردووكیان كاتی بینینی توێژەری كۆمەڵایەتییان هەبووە و ژنە كوژراوەكە بۆ لای توێژەری كۆمەڵایەتی هاتبووە دادگا، پیاوەكەشی هاتووە و زانیویەتی ژنەكەی لەناو دادگایە و یەكسەر چووەتە دەرەوە و نەچووەتە لای توێژەری كۆمەڵایەتیش، دوای ئەوەی شادیەی كوژراو لە دیداری توێژەری كۆمەڵایەتی تەواو دەبێت لە دادگا دەردەچێت و لە بەردەم دادگا مێردەكەی دەیكوژێت.



وشە - رامیار جەواد