دوای یانەی هەولێر.. یانەیەكی تریش هەڕەشەی كشانەوە لە خولی نایابی عێراق دەكات

:: AM:10:56:18/01/2017 ‌

دوای ئەوی یانەی هەولێر مانگی رابردوو بەفەرمی كشانەوەی خۆی لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراق راگەیاند، چەند یانەیەكی تریش هەڕەشەی كشانەوە لە خولەكە دەكەن.

لە نوێترین كاردانەوەدا عەلا كازم سەرۆكی دەستەی كارگێڕی یانەی تەڵەبە هەڕەشەی كشانەوەی لە خولی نایابی عێراق كرد بەهۆی خراپی ئاستی ناوبژیوانان و بێ دەنگبوونیش لێیانەوە لەلایەن یەكەتیی تۆپی پێی عێراق.

دوێنێ سێشەم یانەی تەڵەبە لە گەڕی 18ی خولی نایابی عێراق لەدەرەوەی یاریگەی خۆی بە گۆڵكی بێ وەڵام بەرامبەر یانەی مینا دۆڕا.

كازم هۆكاری سەرەكی شكستی یانەكەیان لە یارییەكەدا بۆ خراپی ئاستی ناوبژیوان گەڕاندەوە، داواشی لە لیژنەی ناوبژیوانانی یەكەتیی تۆپی پێی عێراق كرد پێداچوونەوە بە یارییەكە بكەن لە رێگەی بینینی ڤیدیۆی یارییەكەوە و بەتایبەتیش ئەو گۆڵەی كە تۆماریان كرد، بەڵام بە بڕیاری ناوبژیوان رەت كرایەوە.

سەرۆكی دەستەی كارگێڕی یانەی تەڵەبە رەخنەی توندی لە لیژنەكەی ناوبژیوانان گرت بەهۆی ئەوەی لەسەرجەم یارییەكانی تیپەكەیاندا ناوبژیوانی ئاست لاواز دیاری دەكەن وەك ئەوەی هیچ ناوبژیوانێكی جێگرەوەیان نەبێت.

كازم جەختیشی كردەوە كە ئەگەر لیژنەی ناوبژیوانان بەدەم داواكەیان نەچن و لە یارییەكانی داهاتوویان ناوبژیوانی ئاست بەرز دیاری نەكەن، ئەوا بڕیاری كشانەوە لە خولی نایابی تۆپی پێی عێراق دەدەن و وەك یانەی هەولێر بەیەكجاری لە پاڵەوانیەتییەكە دەكشێنەوە.

عەلا كازم ئاشكراشی كرد كە یانەی تەڵەبە بەهۆی هەڵەی ناوبژیوانان تا ئێستا 10 خاڵی لە خولی نایابی عێراق لەدەستداوە، 6 خاڵ بەهۆی دۆڕانیان بەرامبەر یانەكانی مینا و نەجەف لەگەڵ 2 یەكسانبوونی تر بەرامبەر یانەكانی بەحری و سەماوە.

جێی باسە سەرۆكایەتیی یانەی هەولێر مانگی رابردوو بەفەرمی كشانەوەی خۆیان لە ركابەرییەكانی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق راگەیاندبوو دوای ئەوەی لە یارییەكەیاندا بەرامبەر یانەی نەجەف لەلایەن هاندەرانەوە سووكایەتییان بەرامبەر یانەكە و كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرابوو.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م