ژنان داوا ده‌كه‌ن حكوومه‌ت نه‌یه‌ڵێ چیتر كۆمپانیاكان به‌كاڵایان بكات

:: PM:07:26:04/09/2019 ‌

"کۆبەندی ژنان دەتوانن-کوردستان" لە دژی بەشداریپێکردنی ژنان لە ڕیکلامە بازرگانییەکاندا "وه‌ك كاڵا" داوایەک ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و کۆمپانیاکانی ڕیکلام دەکەن.

ئه‌مڕۆ چوارشه‌م (چواری ئه‌یلوول) ڕۆژە حەسەن، سەرپەرشتیاری "کۆبەندی ژنان دەتوانن"، بە "وشە"ی ڕاگەیاند: ماوەیەکی زۆرە، کەناڵەکانی ڕاگەیاند و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ڕیکلام، بۆ بەرزکردنەوەی بینەر و ڕەواجدان بە کاڵاکانی خۆیان، ژن دەهێننە ناو ڕیکلامەکەیان و هه‌مووشی به‌ شێوه‌ی به‌كاڵاكردن و نیشاندانی ڕووكه‌ش به‌كار هاتوون.

ئه‌و ده‌ڵێ، کۆمەڵێک ڤیدیۆ و ڕیکلامی زۆرمان کۆکردوەتەوە كه‌ دژی پاراستنی كه‌سێتیی ئه‌و ژنانه‌یه‌ كه‌ به‌شدارییان تێدا كردووه‌ هیچی لە خواستی ئێمەدا نەبوون. ئێمە نامانەوێت ژن وەک کاڵا سەیر بکرێت، یان له‌ زۆربه‌ی ڕیکلامەکاندا ژن تەنیا پێوەست بە ماڵەوە دەکرێت.

سه‌رپه‌رشتیاری "کۆبەندی ژنان دەتوانن"، ئه‌وه‌یشی خسته‌ ڕوو: ژنان ئێسته‌ لە پۆستی باڵادا دەبینرێن و لەهەموو شوێنێک كار دەکه‌ن، بەڵام لە ڕیکلامەکاندا وەک كه‌ره‌سته‌یه‌ك بەکار دێن بۆ بەستنەوەی ژن بە ماڵەوە و کاڵایەک بۆ ڕیکلام نمایش كراون.

ڕۆژە حەسەن ئه‌وه‌شی ئاشكرا كرد: یاداشتەکەمان ئاڕاستەی وەزارەتی ڕۆشنبیری و کۆمپانیاکانی ڕیکلام کردووه‌، لە هەفتەی داهاتوودا لە ڕووی یاسایییەوە کاری لەسەر دەکەین و سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری دەکەین و لەگەڵ لیژنەکانی پەرلەمان کۆ دەبینەوە تا لە نزیکەوە گفتوگۆیان لەگەڵدا بکەین و ئەو سەربەخۆییەی وەریان گرتووە بزانن لەبەرانبەریشدا ژنانێک هەن دژی ئەو ڕیکلامانە دەوەستنەوە، چونکە ئەگەر بەو ئاڕاستەیە بڕوات، ڕۆڵ و پێگەی ژنان زۆر خراپ ڕەنگ دانەوەی دەبێت.

سلێمانی – ئاریان محەمەد





وشە - كوردۆ شابان