به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌واڵگری سه‌ربازیی عێراق ئه‌مڕۆ چوارشه‌م دۆزینه‌وه‌ی كۆمپیوته‌رێكی تیرۆریستانی له مووسڵ ڕاگه‌یاند و ناویان لێ ناوه كه‌نزی زانیارییه‌كانی داعش، به‌هۆی زۆری به‌ڵگه و نهێنییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كه له نێو ئه‌و كۆمپیوته‌ره‌دا بوونی هه‌یه.
گوته‌بێژ به‌ناوی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی هه‌واڵگری سه‌ربازیی عێراق عه‌لی ده‌هله‌كی ئاشكرای كرد، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی هه‌واڵگری سه‌ربازی و هه‌واڵگری كرده‌وه‌گه‌لی ڕزگاركردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا، ئه‌مڕۆ چوارشه‌م توانیویانه له گه‌ڕه‌كی حه‌دبا و كه‌ندی ده‌ست به‌سه‌ر زانیاری زۆر گرنگ و نهێنی رێكخراوی تیرۆریستی داعشدا بگرن.
هه‌روه‌ها گوتی، كۆمپیوته‌رێكی تیرۆریستان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه كه زانیاری زۆر نهێنی و وردی له‌باره‌ی چه‌كداره ڕووس و تاجیكییه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشی تێدایه.
ئاماژه‌ی دا، پێگه و سیسته‌می پێوه‌ندیكردنیان و چۆنیه‌تیی گفتوگۆكردنیان به زمانی ڕووسی و عه‌ره‌بی و هه‌موو نهێنییه‌كان به ڕوونی تێیدا تۆمار كراون.
عه‌لی ده‌هله‌كی گوتی، هه‌واڵگری ده‌ستی به‌سه‌ر كارگه‌یه‌كی دروستكردنی مرۆڤی بووكه‌ڵه‌دا گرتووه، كه تیرۆریستان له‌و كارگه‌یه‌ك بووكه‌ڵه‌یان دروست كردووه و جلی چه‌كدارانی داعشیان له‌به‌ر كردوون، تا هێزه‌كانی عێراق وا بزانن كه ئه‌مانه چه‌كداری ڕاسته‌قینه‌ن و له هێز و توانای تیرۆریستان بترسن، به‌ڵام هه‌رزوو هێزه‌كانی عێراق به‌م فێڵه‌ی تیرۆریستانیان زانی و ئه‌مڕۆش كارگه‌یه‌كی دروستكردنی ئه‌و بووكه‌ڵانه‌یان دۆزییه‌وه.