رێكخراوێك: دەستدرێژی سێكسی لە هەرێمی كوردستان زیادی كردووە

:: PM:05:46:16/10/2016 ‌

بە ئەنجام دانی چەند چالاكییەك لەلایەن رێكخراوەكانی كۆمەڵی مەدەنی ئەمڕۆ شەموو لە شاری هەولێر هەڵمەتێك بەمەبەستی كەمكردنەوەی دەستدرێژی سێكسی دەستی پێ كرد و بڕیارە چەند ڕۆژێك بەردەوام بێت.

ڕێكخراوی "مەسەللە" كە رێكخراوێكی عێراقی گشتییە بە هاوكاری بەڕێوبەرایەتیی توندوتیژی خێزانی لە ڕێگەی نمایشكردنی چەند تابلۆیەك باسی لە كێشە و دەرەنجامەكانی دەستدرێژی سێكسی خستە ڕوو.

پێشكەوت ئەدهەم وەك نوێنەری ڕێكخراوەكە لە هەولێر ڕای گەیاند، مانگانە پێنج ڕوداوی دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر ئافرەتان لە هەرێمی كوردستان تۆمار دەكرێ، جا لە ڕێگەی موبایلەوە بێت یان لە ڕێگەی جەستەیییەوە، كە ئەوەش بە بەراورد بە پارساڵ زیادی كردووە.

زیاتر دەڵێ، زۆرێك لە كێشەكان لە ڕێگەی چارەسەری كۆمەڵایەتی چارە دەكرێن، بۆیە پێویستە هاووڵاتییان هۆشیار بكرێنەوە و زۆربەی كێشەكان نابرێنە بەردەم دادگەكان.

هەر ئەمڕۆ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسی پەخشان زەنگەنە سەرۆكی ئەنجوومەنی كاروباری خانمان لە شاری هەولێر ڕای گەیاند، پێویستە ڕێگری لە دەستدرێژی سێكسی و بە شوودانی كچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ بكرێت.

زیاتر گوتی، بەپێی دوایین ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان ڕێژەی بە شوودانی كچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ لە عێڕاق و هەرێمی كوردستان بەرز بووەتەوە بۆ سەرووی %17 كە ئەوەش زۆرە.

سەرۆكی ئەنجوومەنی كاروباری خانمان  ئاشكرای كرد كە ماوەی چەند ساڵێكە كار لەسەر شێوازەكانی توندوتیژی و بە شوودان دەكەین، ئەو كارەش لە ڕێگەی چەند ڕێكخراوێكی نێودەوڵەتی بەڕێوە چووە و لە كەمپی ئاوارەكانیش كراوە كە چەندین دەرهاویشتەی كۆمەڵایەتی بەدواوە دێت.

وشە/رامیار جەواد
پ: مەحموود

 



وشە - باز ئه‌حمه‌د