هه‌رچه‌ند جووتیارانى سنوورى شارۆكه‌ى به‌رده‌ڕه‌ش ساڵانه دووجار زه‌وییه‌كانیان داده‌چێنن، به‌ڵام ره‌خنه له حكوومه‌ت ده‌گرن كه له‌رووى كشتوكاڵییه‌وه هاوكارییان ناكات و به‌رپرسانى كشتو‌كاڵى سنووره‌كه دووپات له‌وه ده‌كه‌نه‌وه، زه‌ویى ناوچه‌كه به پیته و ده‌كرێت ساڵانه سێ جار سوودى لێ وه‌ربگیرێت.
عه‌بدولناسر حه‌سه‌ن جووتیارێكى ده‌ڤه‌رى به‌رده‌ڕه‌ش بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، شارۆكه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش ناوچه‌یه‌كى كشتوكاڵییه و نزیكه‌ی 290 هه‌زار دۆنم زه‌وی كشتوكاڵی له‌خۆ ده‌گرێت كه حه‌وت هه‌زار جووتیار كارى له‌سه‌ر ده‌كه‌ن و دوو هه‌زار له جووتیاره‌كان خاوه‌ن موڵكن.
به‌روبوومى سه‌ره‌كیى جووتیارانى به‌رده‌ڕه‌ش، گه‌نم و جۆ، برنج و په‌تاته‌یه و به‌شێك له جووتیارانى ده‌ڤه‌ره‌كه ساڵانه سێ به‌روبووم ده‌چێنن.
حه‌سه‌ن ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات، خاكی به‌رده‌ڕه‌ش زۆر گونجاوه بۆ چاندن كه ئه‌و به به‌پیتترین خاك له عێراق ناوى ده‌بات و به‌تایبه‌ت ئاماژه بۆ به‌پیتى زه‌وییه‌كانى گوندى قه‌ره‌ناس ده‌كات.
جووتیاره‌كه سه‌ره‌ڕاى دووپاتكردنه‌وه له‌وه‌ى له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه هیچ هاوكارییه‌ك ناكرێن، باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌وان ساڵانه دوو تا سێ جار زه‌وییه‌كانیان ده‌كێڵن و ده‌چێنن، پاش ئه‌وه‌ى گه‌نم له زه‌وییه‌كان ده‌چێنن و دروێنه‌ى ده‌كه‌ن، دواتر هه‌رسێ به‌روبوومى برنج و په‌تاته و پیازیش له هه‌مان زه‌ویدا ده‌چێنن.
حه‌سه‌ن ده‌ڵێ، "ئێمه ئه‌و جۆره چاندنه به فێڵكردن له زه‌وى ناو ده‌به‌ین".
دیندار سلێمان جووتیارێكى تر‌ى ده‌ڤه‌ره‌كه‌یه و به "وشه" ده‌ڵێ، "به‌رێژه‌ى 60%ى جووتیاران خاكه‌كه‌یان به گه‌نم و جۆ ده‌چێنن و دواتریش برنج".
"ساڵانى رابردوو حكوومه‌ت به دابینكردنى مه‌وادى كیمیایى و گازوایل هاوكارى ده‌كردین، به‌ڵام له‌وه‌ته‌ى ته‌نگژه‌ى دارایییه‌وه هاوكارییه‌كى ئه‌وتۆ نییه"، جووتیاره‌كه واى گوت.
عه‌بدوڵا حوسێن حه‌سه‌ن به‌رپرسی یه‌كێتیی جوتیارانی كوردستان/لیژنه‌ی به‌رده‌ڕه‌ش، بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، زه‌وییه‌كانى به‌رده‌ڕه‌ش به‌پێى یاساى ژماره 90ى ساڵى 1975 به‌سه‌ر جووتیاراندا دابه‌ش كراوه و رووبه‌رى زه‌وى له هه‌ر گوندێكدا له نێوان 10 تا 40 دۆنم زیاتر نییه.
به‌روبوومى برنج و گه‌نمى جووتیارانى به‌رده‌ڕه‌ش له كۆگه‌ى گوندى كانى لان له هه‌مان ده‌ڤه‌ر هه‌ڵده‌گیرێت، به‌ڵام كۆگه‌كه به‌شى پێویستییه‌كان ناكات، وه‌ك ئه‌وه‌ى جووتیاران دووپاتى له‌سه‌ر ده‌كه‌نه‌وه.
موشیر محه‌مه‌د ئه‌مین ڕه‌مه‌زان به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی به‌رده‌ڕه‌ش به "وشه"ى راگه‌یاند، تێچووى دروستكردنى هه‌ر كۆگه‌یه‌ك 500 تا یه‌ك ملیارى دینارى عێراقییه و ئه‌وه‌ش بارگرانییه بۆ جووتیاران و ده‌ڵێ، "ته‌نگژه‌ى دارایى هۆكار بووه له‌وه‌ى حكوومه‌ت نه‌توانێ وه‌ك پێویست هاوكارى جووتیاران بكات".
به‌پێى داتاى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى كشتو‌كاڵى به‌رده‌ڕه‌ش، ساڵانه 60 هه‌زار تۆن گه‌نم و دوو هه‌زار تۆن برنج به‌روبوومى ده‌ڤه‌ره‌كه‌یه.
وشه/ به‌رده‌ڕه‌ش- سه‌روین شێخانی