بە چەند رێگەیەكی سروشتی و ئاسان چارەسەری ئەنفلۆنزا بكە
ئەنفلۆنزا یەكێكە لەو نەخۆشییانەی كە زۆرینەی خەڵك لە وەرزی سەرمای زستاندا تووشی دەبن و بەیەكێك لە بێزاركەرترین نەخۆشییەكان دادەنرێت.
زۆرینەی خەڵك بۆ چاكبوونەوە لە ئەنفلۆنزا حەبی دژە ئەنفلۆنزا و فلوئاوت و پاراسیتۆل و قەترەی لووت بەكار دێنن، بەڵام بەچەند رێگەیەكی سروشتی و كەرستەی سادەی ماڵانیش دەتوانی چارەسەری ئەنفلۆنزا بكەیت، لێرەدا ئەو چارەسەرە سروشتییانە بۆ خوێنەرانی (وشە) دەخەینەڕوو:-
چارەسەری ئەنفلۆنزا یان پەسیو بە توور: توور یەكێكە لەو خواردنانەی یارمەتی بۆڕییەكانی لووت و قورگ دەدەن بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس و بەكتریای زیانبەخش، بۆ ئەمەش دەتوانی پارچەیەك توور بە هەنگوین بكەیت و لەگەڵ كوپێك شەربەتی لیمۆ رۆژانە 3 جار بخۆیت، بێگومان لە ماوەیەكی كەمدا هەست بە چارەسەرە سەرسوڕهێنەرەكەی دەكەیت.
سیر: سیر مادەی ئەلسینی تێدایە كە دژی ڤایرۆس و میكرۆبە، ئەگەر رۆژانە دوو پارچە سیر لەگەڵ خواردن و خواردنەوەكان بخۆیت، چارەسەرییەكی زۆر باش دەبێت بۆ ئەنفلۆنزا و چەند نەخۆشییەی تریش.
جەنجەفیل: پارچەیەك جەنجەفیل لەناو ئاوێكی گەرم دابنێ و بۆ ماوەیەك لێی گەڕی، دواتریش كەمێك ئاوی لیمۆی تێ بكە و لەگەڵ مڵاكێكی بچووك لە هەنگووین و بینۆشە، چونكە جەنجەفیل دژی زۆربەی مادە زیانبەخشەكانی جەستەیە.
پیاز: خواردنی لەتێك پیاز لە رۆژێكدا چارەسەری ئەنفلۆنزا خێراتر دەكات و لە ماوەیەكی كەمدا ئارامی دەبەخشێتەوە جەستەی مرۆڤ.
پرتەقاڵ و ترشەمەنییەكان: پرتەقال و سەرجەم جۆرەكانی تری ترشەمەنی وەك لالنگی و لیمۆ و كەبات ....هتد، بەگشتی پڕن لە ڤیتامینی سی و جی و بە كاریگەرترین میوەكان دادەنرێن بۆ لەناوبردنی ڤایرۆس و بەهێزكردنی توانای بەرەنگاربوونەوەی لەش لەبەرامبەر هێرشی ڤایرۆسەكان، بۆیە ئامۆژگاریتان دەكەین لەكاتی تووشبوونی ئەنفلۆنزا رۆژانە زیاتر لە دانەیەك لە ترشەمەنییەكان بخۆن.
خواردنی شلەمەنییەكان: لە كاتی تووشبوونی ئەنفلۆنزا تا پێتان دەكرێت خواردنی شل و گەرم بخۆن، چونكە جەستە بەهۆی ئەنفلۆنزاوە رێژەیەكی زۆری شلەمەنی لەدەست دەدات، هەروەها رۆژانە چەند جارێك بە ئاوی شلتێن و خاوێن لووتتان بشۆن بۆ ئەوەی لە بێزاربوون و نائارامی رزگارتان بێت.
رەشكە: رەشكە چارەسەرێكی سەرسوڕهێنەری ئەنفلۆنزایە، بۆ ئەمەش دەتوانن لەگەڵ كەمێك رۆنی زەیت تێكەڵاوی بكەن و ناو لووتی پێ چەور بكەن، یانیش لەنێو دەم غەرغەرەی پێ بكەی.
پەلكی هەنار: پەلكی هەنار بهاڕە و دواتریش لەگەڵ كەمێك هەنگوین تێكەڵاوی بكەن و چەند قەترەیەك بخەرە ناو لوتەوە، بە ماوەیەكی كەم هەست بە چارەسەرە سەرسوڕهێنەرەكەی دەكەیت.
زەعفەران: خواردنی زەعفەران بە تەڕی و وشكی هێزی بەرگریی لەش زیاد دەكات و چارەسەرییەكی باش دەبێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا.
لیمۆ: خواردنەوەی 3 كوپ ئاوی لیمۆی سروشتی لەگەڵ نەعناع و جەنجەفیل یان هەنگووین لە رۆژێكدا، چارەسەرییەكی بەهێز دەبێت بۆ لەناوبردنی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزا و چاكبوونەوە بەشێوەیەكی خێرا و گەڕانەوەی ئارامی بۆ سەر و مێشك و لەش.
چەلاوی مریشك: خواردنەوەی چەلاوی مریشك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی توانا و ئازارەكانی ئەنفلۆنزا و هەروەها هۆكارێكی باشیش دەبێت بۆ كردنەوەی بۆڕییەكانی دەم و لووت.
ئامۆژگاری ئەو كەسانەش دەكەین كە ئەنفلۆنزایەكەیان بەهێزە و بۆ ماوەیەكی درێژ چاك نەبوونەتەوە، بە زووترین كات سەردانی پزیشكی تایبەتمەند بكەن بۆ ئەوەی چارەسەری خێرا وەربگرن و نەكا خوا نەخواستە نەخۆشییەكی تربێت.
سەرچاوە/ الایام
وشە -
ئامانج ئهكرهم