ئه‌ندامیكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی رای ده‌گه‌یه‌نێ كه به‌هۆی بوونی هه‌زاران تۆن گۆگرد له سنووری تانجه‌ڕۆدا، مه‌ترسی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و ئاوی ژێر زه‌وی و سه‌رزه‌وی دروست بووه.
غالب محه‌مه‌د سه‌رۆكی لیژنه‌ی وه‌زه و سامانه سروشتییه‌كان له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی گوت: كارگه‌یه‌كی خشت دروستكردن له ناوچه‌ی تانجه‌ڕۆ، 50 هه‌زار تۆن گۆگردی هه‌ڵگرتووه كه ماوه‌ی 10 ساڵه ئه‌و گۆگرده له‌وێدایه و تا ئێسته لای نه‌بردووه، ئه‌و كارگه‌یه‌ش هیچ پێوه‌ندی به‌و ماده‌یه‌وه نییه، چونكه كارگه‌كه هی خشت دروستكردنه، به‌ڵام ئه‌م گۆگرده به مه‌به‌ستی بازرگانی پێشتر هێنراوه و نه‌فرۆشراوه له‌وێ دایان ناوه.
زیاتر گوتی: ئه‌و گۆگرده ماده‌یه‌كی مه‌ترسیداره چونكه ژه‌هراوییه، بۆ ئاوی ژێر زه‌وی و سه‌ر زه‌وی كه بڕژێته ئاوی تانجه‌ڕۆ و دواتر بۆ ده‌ربه‌ندیخان ئه‌و ئاوه هه‌موی ژه‌هراوی ده‌كات، له شوێنی خۆشی‌دا بمێنێته‌وه ته‌نیا به ته‌ڕبوونی، دیسان مه‌ترسی بۆ ئاوی ژێرزه‌وی هه‌یه.
ئه‌و ئه‌ندامه‌ی ئه‌نجوومه‌ن ئه‌وه‌شی گوت: پێش ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر ئاگادارمان كردووه‌ته‌وه و غه‌رامه‌ی بۆ كراوه، به‌ڵام نه‌هاتووه به‌ده‌م هیچ كامیانه‌وه، دیسانه‌وه ئه‌م ماوه‌یه له‌لایه‌ن ژینگه‌ی سلێمانی به بڕی دوو ملیۆن دینار سزا دراوه، نه‌چووه به‌رده‌م ئه‌و غهرامهشهوه، بۆیه ئێسته من نووسراوم كردووه بۆ پارێزگاری سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی خاوه‌نی ئه‌و كارگه‌یه بانگ بكات و له ماوه‌ی 15 رۆژدا ئه‌و گۆگرده‌ی پێ بگوازێته‌وه بۆ شوێنێك كه مه‌ترسی نه‌مێنی له‌سه‌ر هاووڵاتییان و ئاوی ئه‌و ده‌ریاچه‌یه.
لای خۆشیه‌وه "دارا محه‌مه‌د عه‌زیز" پسپۆڕی بواری كیمیایی و مامۆستای زانكۆی راپه‌ڕین بۆ "وشه" گوتی، گۆگرد له چه‌ند روویه‌كه‌وه مه‌ترسی له‌سه‌ره، له‌وانه بۆ پیسبوونی هه‌وا كه تێكه‌ڵ به ئه‌و هه‌وایه ده‌بێت كه هه‌ڵیده‌مژین، ئه‌و هه‌وایه ژه‌هراوی ده‌كات، تێكه‌ڵ به‌ئاوی ژێر زه‌وی ده‌بێت و ئه‌و ئاوه‌ش له شوێنێكه‌وه ده‌چێت بۆ شوێنێكی تر، كه‌واته چه‌ندان شوێن ژه‌هراوی ده‌كات.
ئه‌وه‌شی گوت: گۆگرد ئێس و ئاویش ئێج تو ئۆ كه تێكه‌ڵ ده‌بن، ترشی گۆگردیك دروست ده‌بێت كه ماده‌یه‌كی ژه‌هراوییه، كه‌واته ئه‌و گۆگرده مه‌ترسی ژه‌هراویبوونی بۆ سه‌ر ئاوی ژێرزه‌وی و ئاوی ده‌ریاچه و رووباره‌كان هه‌یه، بۆ ئه‌و زینده‌وه‌رانه‌ش كه له‌ناو ئاوه‌كه‌دا ده‌ژین و ئه‌و رووهكانهش كه به‌و ئاوه ئاو ده‌درێن، بۆ هه‌وا و هاووڵاتییانی ئه‌و سنووره هه‌مووی مه‌ترسییه.
روونی كردووه: ده‌بێت ئه‌و گۆگرده له شوێنێك به شێوه‌ی زانستی هه‌ڵبگیرێت و رێگه نه‌درێت ته‌ڕ ببێت و ببێته هۆی پیسبوونی ئه‌و ئاوه كه له رێگه‌ی كه‌سانی شاره‌زاوه له شوێنێكی وا هه‌ڵبگیرێت.
ده‌ربه‌ندیخان/ سه‌لام هانه‌دنی