داعش لە سووریا كارەكەی تەواو نەبووە و لەناو ناچێت

:: PM:05:43:08/09/2019 ‌

دوای راگەیاندنی شكستی سەربازی داعش لە نەورۆزی ئەمساڵ لەلایەن هێزەكانی سووریای دیموكرات و كۆنترۆڵكردنی دوا پێگەی ئەوان لە باغووز، بەم دواییە زانیارییەكان باسی دەركەوتنەوە و زیادبوونی چالاكی و جموجۆڵەكانی ئاشكرا و نهێنی ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا دەكەن، راستە وەك پێشوو نییە، بەڵام توانوویەتی چەند جارێك هەسەدە بكاتە ئامانج كە كۆنترۆڵی ناوچەكانی رۆژهەڵاتی سووریا دەكات و لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پاڵپشتی دەكرێت. 

ئەو پەرەسەندنە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی پرۆسەی نەهێشتنی رێكخراوەكە لە رێگەی ئۆپراسیۆنی نهێنی و فرەوان كە دابەزینی هێز بە كۆپتەر و هەڵكوتان و گرتن دەگرێتەوە، بۆیە داعش لە دەشتی دێرزوور دەستی بە جموجۆڵ كردووەتەوە و بڵاوكراوەی خۆی لە مزگەوتی گوندەكان هەڵواسیوە و سەرانە و خاوە و باج لە خەڵك وەردەگرێت لە بەرانبەر رێگەدان بەكاركردنیان یان هێرشنەكردنە سەر بیرە نەوتەكان.

هاوكات هێزەكانی هەسەدە گرتنی دوو فەرماندەی داعشی لە ناوچەی دێرزوور راگەیاند، لەوكاتەی ناوچەكانی حەسەكە و رەقە چەندان تەقینەوەی تیرۆریستیان بەخۆیانەوە بینی كە داعش لەپشتیانەوە بووە، بۆیە وا دەزانرێت كە فرەوانبوونەوەی بازنەی چالاكییەكانی داعش پێوەستە بەو پەرەسەندنانەی لە ناوچەكە هەیە كە خۆی لە دوو لایە ن دەبینێتەوە:

یەكەمیان/ ئەو ناوچە ئارامەی لە نێوان توركیا و ئەمەریكا رێككەوتنی لەسەر كراوە، لە دوای هەڕەشەیەكی فرەوانی توركیا لە ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی سەربازی بۆ سەر كورد لە ناوچەكانی پشتێنەی سنووری لە رۆژهەڵاتی فورات بۆ دامەزراندنی ئەو ناوچەیە و گەڕاندنەوەی دوو ملیۆن پەنابەری سووری لە توركیاوە و دابینكردنی ناوچەكە بۆ نیشتەجێكردنیان و بەوەش ناوچەكە رووبەڕووی گۆڕانكارییەكی فرەوانی دیمۆگرافی دەبێتەوە و زۆرینەی كورد لە ناوچەكانیان ناهێڵێت، وەك كورد توركیا تۆمەتبار دەكەن.

راستە وا هەنگاوەكانی سەرەتایی رێككەوتنی توركیا و ئەمەریكا بۆ دامەزراندنی ناوچەكە خەریكە جێبەجێ دەبێت، بەڵام وەك ئەوەی توركیا دەیەوێت نا كاتێك هێزی گەڕۆكی هاوبەشی توركیا و ئەمەریكا لە ناوچەكە دەسوڕێتەوە كە توركیا ئەوەی ناوێت و دەیەوێ بەتەنیا كۆنترۆڵی ناوچەكە بكات، دواتر قووڵی ناوچەكە 12 كیلۆمەتر تێپەڕ ناكات لەوكاتەی توركیا داوای 40 كیلۆمەتر قووڵی كردووە، جیا لە پاشەكشەی هێزە كوردییەكان لە ناوچەكە و دووركەوتنەوەیان لە سنوورەكانی توركیا، بۆیە توركیا ئێستەیش پێی وایە ئەمەریكا فێڵی لەگەڵ دەكات لە جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە، بۆیە بەبەردەوان هەڕەشەی ئەوە دەكات كە بەتەنیا و بێ ئەمەریكا پەنا بۆ دامەزراندنی ناوچە ئارامەكە دەبات.  
دووەم/ راستی نەمانی داعش لە رۆژهەڵاتی فورات، بەتایبەتی لە رەقە و دێرزوور و نێوانیان، لەوانەش باكوری رۆژهەڵاتی سووریا كە سەرەڕای بانگەشەكانی ئەمەریكا و هەسەدە بەر لە چوار مانگ بەوەی توانوویانە داعش لە ناوچەكە لەناو ببەن، لە وێنەكان تەنیا گرتووخانەكانی كەسانی هەڵاتوو لە باغووز لە ژن و منداڵ و پیر پێشان دران و هیچ چەك و تفاقێكی سەربازی و تۆپی داعش دەرنەكەوت، هەورەها هیچ تەرمێكی چەكدارانی داعش پێشان نەدرا، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ چەند راپۆرتێكی ئەمەریكایی بەوەی مەترسی داعش هەر ماوە و شانەی نوستووی هەیە و خەریكی خۆرێكخستنەوەیە، هەر لەو ساتە هەواڵی هەڵاتنی سەرانی داعش بەرەو ناوچەكانی رۆژئاوای عێراق بڵاو كرایەوە و دوای جەنگی باغووزیش تۆمارێكی ئەبو بەكر بەغدادی سەركردەی رێكخراوی داعش بڵاو كرایەوە خۆی ژمارەیەك لە سەرانی ئەو رێكخراوە و ئەو ئەركەكانی بەسەر دابەش دەكردن و ئەوەش لێدوانەكانی ئەمەریكای لەبارەی مانەوەی مەترسی رێكخراوەكە دووپات كردەوە. 

گەڕانەوەی داعش لە ماوەی دوایی بەدەر نییە لەو دوو هۆكارەی باس كران و دووریش نییە لە رێككەوتنی دامەزراندنی ناوچەیەكی ئارام لە نێوان توركیا و ئەمەریكا و بەوەش پەیامێك رەوانە دەكات كە ناوچەی رۆژهەڵاتی فورات و سنوورەكانی توركیا ئارام نییە بۆ گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆیان. ئەگەرچی گومان هەیە و پەنجەی تۆمەت لەو دەركەوتنەوەی داعش بۆ هێزە كاریگەرەكانی سەر گۆڕەپانی سووریا درێژ دەكرێت، بەڵام دووپاتی دەكەنەوە كە داعش شارەزاتر بووە لە خۆگونجاندن لەگەڵ كارلێكردن لەگەڵ هەموو لایەنەكان وەك یاریكەرێكی كاریگەر لە دۆسیەی سووریا، كە ئەوەش نیشانەی پرسیاری لەسەرە لەبارەی ئەو لایەنەی سوود لەو جموجۆڵەی ئێستەی داعش دەبینێت، جا ئەمەریكا یان توركیا یان ئێران یان حكوومەتی سووریا بێت، بەتایبەتی كاتێك هەر هەموویان بەجۆرێك سوودیان لە داعش بینیوە و گومان لە بوونی پێوەندی لەگەڵیدا هەیە، لەوانە نەبوونی تەرمی لە دوای هێرشەكانی ئەمەریكا و بەكارهێنانی خاكی توركیا بۆ گەیشتن بە سووریا و رێككەوتننەكانی داعش و ئێران و حكوومەتی سووریا و حزبوڵای لبنانی.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل