بەری چەپی مووسڵ ئازاد كرایەوە

:: PM:02:45:18/01/2017 ‌

فەرماندەی كردەوەگەلی هاوبەش و سەرۆكی دەزگەی دژەتیرۆری عێراق، ئەمڕۆ چوارشەم ئازادكردنەوەی تەواوی ناوچەكانی بەری چەپی شاری مووسڵی لە داعش راگەیاند و ئاماژەشی بۆ كوشتنی سێ هەزار و 300 چەكداری داعش كرد.

فەریقی یەكەمی روكن تاڵیب شغاتی ئەمڕۆ چوارشەم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند كە بەری چەپی شاری مووسڵیان بە تەواوەتی كۆنترۆڵ كردووەتەوە. دووپاتی كردەوە كە دژەتیرۆری عێراق لە میانی جەنگەكەدا پابەندی بنەماكانی جەنگ و مافی مرۆڤ بووە.

زیاتر گوتی، داعش لە میانی جەنگی بەری چەپی شاری مووسڵ بە 300 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشی كردە سەر هێزە هاوبەشەكانی عێراق، بەڵام توانرا ئەو هێرشانە رێگەیان پێ بگیرێت و پووچەڵ بكرێنەوە.

لەو كاتەی شغاتی دووپاتی لەوە كردەوە، داعش هەموو هەوڵێكی دا كە هێزە هاوبەشەكانی عێراق لە بەری چەپ دوا بخات بۆ پاراستنی بەری راستی شارەكە، بەڵام ئەوان توانییان تێكیان بشكێنن و دووپاتی كردەوە كە زیانی گیانی داعش لەو جەنگەدا كوژرانی سێ هەزار و 300 چەكدار بووە لە بەری چەپ.

لای خۆیەوە فەریق روكن عەبدولئەمیر یارەڵا فەرماندەی كردەوەگەلی قادموون یا نەینەوا رای گەیاند كە توانیویانە دووەم گەڕەكی قازییە لە مووسڵ ئازاد بكەنەوە، بێجگە لە ئازادكردنەوەی ناوچەی ئەسەری و گردی نرگال لە رۆژهەڵاتی شارەكە.

لەو كاتەی هێزەكانی دژەتیرۆری عێراق دووپاتی دەكەنەوە كە تەواوی ناوچەكانی بەری چەپی مووسڵیان ئازاد كردووەتەوە، فەرماندەی كردەوەگەلی مووسڵ دەڵێت تا ئێستە بە تەواوەتی كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە، لەو كاتەی سەرچاوە تەناهییەكان دووپاتی دەكەنەوە كە هاوپەیمانان پردی كاتیان لە كوێتەوە بۆ بنكەی سەربازی گەیارە هێناوە بۆ بەكارهێنانی لە ئازادكردنەوەی بەری راستی مووسڵ.   

جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ لە 17ی تشرینی یەكەمی رابردوو بە بەشداری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پۆلیسی فیدراڵ و شەڕوانانی هۆزەكانی مووسڵ دەستی پێ كرد، دوای وەستانی چەند هەفتەیەك لە 29ی كانوونی یەكەم دووبارە جەنگەكە دەستی پێ كردەوە و تا ئێستە زیاتر لە 65 گەڕەكی بەری چەپی شارەكە ئازاد كراوەتەوە.

 سەرچاوە/ مەوازین نیوز





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل