وەزیری دارایی و ئابووری عێراق لەسەر بەكرێگرتنی خانوو لەسەر ئەركی دەوڵەت ڕوونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، هیچ خانوویەكی بەكرێ نەگرتووە و لە موڵكی دەوڵەت نیشتەجێیە.
ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئەیلوول، لە ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری ئابووری هاتووە، ژمارەیەك لە پێگە و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان چەند هەواڵێكیان لەسەر زاری سەرۆكی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گواستەوە لەبارەی بەكرێگرتنی خانوو بۆ وەزیری دارایی و ژمارەیەك فەرمانبەری نووسینگەی وەزیر بە پارەیەكی زۆر و باسی چەند ژمارەیەكی نادروستی كردبوو. لێرەدا رایدەگەیەنین ئەم لێدوانەی ئەم بەڕێزە زۆر كۆنە و باسی وەزیرێكی دیكە دەكات.
زیاتر روون کراوەتەوە، جێگری سەرۆك وەزیران لە خانوویەكی دەوڵەتدا نیشتەجێیە كە موڵكی حكوومەتی عێراقە و هیچ خانوویەكیش بۆ بەڕێوەبەری نووسینگەكەی و سكرتێر و بەڕێوەبەری ئاسایش نەگیراوە و ئەو هەواڵانە دوورن لە ڕاستییەوە و هیچ بنەمایەكیان نیە.
لە كۆتایی ڕاگەیەندراوە باس لەوەكراوە، ئەو دەزگا ڕاگەیاندنانەی ئەو هەواڵانەیان بڵاو كردووەتەوە پێویستە وردبن لەو بابەتە و لێدوانی فەرمی لە شوێنی بەرپرسیار وەربگرن.