حکوومەت لەبارەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دڵنیایی دەداتە کەسوکاری ئەنفالکراوان

:: PM:01:54:09/09/2019 ‌

بەرپرسێك لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دڵنیایی دەدات كە گەڕان وهەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سزای توندی لە پشتەوەیە، ئەوەش پاش هۆشدارییەكی بەجێماوانی ئەنفال دێت كە مەترسی خۆیان لە گەڕان بۆ دۆزینەوەی گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانەکانی عێراق پیشاندابوو.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئەیلوول، ئەنوەر عومەر ئەندامی تیمی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەر بە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕان بۆ دۆزینەوەی گۆڕی بەكۆمەڵ لە بیابانەكانی عێراق كارێكی وا سانا نیە كە كەسانێك بۆ دۆزینەوەی خشڵ و زێر بتوانن گۆڕی بەكۆمەڵ هەڵدەنەوە یاخود بۆ گۆڕی بەكۆمەڵ بگەرێن.

زیاتر روونی دەکاتەوە، بەپێی یاسای ژمارە پێنجی ساڵی 2006 كە تایبەت بە پاراستنی گۆڕە بەكۆمەڵەكانە، هەر كەس هەوڵی شێواندن وهەڵدانەوەی بدات سزا دەدرێ ،بەدەر لەوەش ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانە زۆر كەس پێی نازانێ، بۆیە لەگەڵ بەهەند وەرگرتنی نیگەرانی و مەترسی رێكخراوەكانی ئەنفال و بەجێماوانی ئەنفال كە دڵنیاین لەخەمخۆرییانە ترسی ئەوەیان هەیە كەسانێك لە باشووری عێراق بۆ گۆڕی بەكۆمەڵ بگەرێن بۆ دۆزینەوەی خشڵ و زێر، دڵنیایان دەكەینەوە گۆڕە بەكۆمەڵەكان ئەوانەشی بۆ رای گشتی ئاشكرا نەبوون، پارێزراون.

"لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەکانی بەغدا لەبارەی ئەو پرسەوە هەماهەنگیمان کردووە و دڵنیایی تەواو دەدەینە کەسوکاری ئەنفالکراوان" ئەنوەر عومەر وای گوت.

ئەودڵنیاییەی ئەندامی تیمی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان لە كاتێكدایە كە چەند بەجێماو و رێكخراوێكی ئەنفال، لە رێگەی "وشە"وە مەترسی خۆیان پیشاندا، كەسانێك لە باشووری عێراق بۆ دۆزینەوەی خشڵ وزێر بۆ گۆڕی بەكۆمەڵ بگەرێن و هەڵیان بدەنەوە.

مانگی رابردوو میدیاکان بۆ نیشاندانی بەڵگەی دڕەندەیی بەعس، لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەكۆمەڵەكانی سەماوە، ملوانكەی زێری دوو خوشكی ئەنفالكراوی گەرمیانیان پێشاندا.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی





وشە - هیدایه‌ت جان