بەهۆی بڕیارێكی تاڵەبانی كۆمپانیاكانی فارووق شەش ملیۆن دۆلاریان قازانج كردووە

:: PM:08:09:09/09/2019 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت، بە نووسراوێكی جێگری سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕی شەش ملیۆن دۆلار لە گۆڕینەوەی پارە بە چەكی بانكی گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق قازانجی كردووە.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئەیلوول، غالب محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان بە "وشە"ی راگەیاند، بە نووسراوێكی قوباد تاڵەبانی لەسەر بڕی فرۆشتن و وەرگرتنی پارە لە گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق بڕی شەش ملیۆن دۆلاری وەك قازانج پێشكەش بە گروپی كۆمپانیاكانی فارووق كردووە و كارەكەی نایاساییە.

روونیشی كردەوە كە كارگەی چیمەنتۆی تاسڵوجە دراوە بە كۆمپانیاكانی فارووق لە بەرانبەردا لە گرێبەستەكەدا هاتووە بڕی 10 هەزار تۆن چیمەنتۆ دەدرێت بە حكوومەت و ئەو چیمەنتۆیەش دەبێت بفرۆشرێتەوە بە هاووڵاتییان.

زیاتر گوتی، بەپێی نووسراوێكی قوباد تاڵەبانی بڕی  245 هەزار تۆن چیمەنتۆ فرۆشراوە بە فارووقی مەلا مستەفا كە ئێستە ئیدارەی كارگەی چیمەنتۆكە دەكات هەر تۆنێك بە 40 هەزار و 500 دینار فرۆشراوە كە بڕەكەی دەكاتە نۆ ملیار و  720 ملیۆن دینار.

ئاماژەی بەوەیش كرد، سەرەڕای ئەوەی نرخەكەی بە كەمتر دراوە بەو كۆمپانیایە، لە لایەكی ترەوە ئەو پارەیە كە دەبێت بە شێوەی كاش بدرێتە لە لایەن گرووپی كۆمپانیاكانی فارووق، بەڵام بە واژووی قوباد تاڵەبانی پارەكەی بۆ كراوە بە چەك و تەنیا لە گۆڕینەوەی پارەكە شەش ملیۆن دۆلار پێشكەش بە كۆمپانیاكە كراوە و ئەمەش كارێكی نایاساییە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم