ژمارەیەكی زۆر لەشفرۆش لە هەرێمی كوردستان گیران

:: AM:09:31:10/09/2019 ‌
بەرپرسێكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان ئاشكرای دەكات، لەلایەن هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندان ژنی لەشفرۆش گیراون و چەندان گەنجیش لەو شوێنانە گیراون.

ئەمڕۆ دووشەم نۆی ئەیلوول، محەمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هێزە تەناهییەكان چەندان هەڵمەتیان ئەنجام داوە بۆ گرتنی ئەو كەسانەی كاری لەشفرۆشی دەكەن و ئەو كەسانەی لەو شوێنانە و کۆمەڵێک کەسی لێ گیراوە و هەڵمەتەكەشە بەردەوامە.

گوتەبێژی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی كوردستان گوتی، ژمارەیەكی زۆر ژن و گەنج گیراون تا ئێستە هیچ كەسێك لە كەسوكارەكەیان نەهاتووە سكاڵا تۆمار بكات بڵێت بە نایاسایی منداڵەكەمان گیراون.

ئاشكرای كرد، لەناو ژنە لەشفرۆشەكان چەندان ژنی كورد و بیانی تێدایە و ڕێكاری یاسایی بەرانبەریان دەگیرێتەبەر، پێویستە هەوڵ بدرێت هەرێمی كوردستان وەك ناوەندێكی گەشتیاری بناسرێت و ناوەكەی بە پاكی بمێنێتەوە.

هاوكات ئیدرس ڕەسووڵ ئەفسەری یاسایی پۆلیس بۆ "وشە" گوت، ڕێگە پێدراو نیە و هیچ یاساییەك نیە بۆ كردنەوەی یانەی شەوانە بۆیە هەركەسێك بگیرێت بەیاسای عێراقی لە 24 سەعات تا یەك ساڵ بەند دەكرێت.

ئاشكرای كرد، مۆڵەتەكانی بە كافتریاكان دراوە بۆ قاوە و چای و نێرگەلە و هەندێك شوێن گۆرانی گوتنیشی تیایە، بەڵام هیچ مۆڵەتێك نەداروە بە كردنەوەی یانەی شەوانە و شوێنی لەشفرۆشی.

لەلایەن هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند ڕۆژێكە هەڵمەتێكی بەرفراوان بەڕێوە دەچێت بۆ گرتن و داخستنی ئەو كافتریا و شوێنانەی كاری لەشفرۆشییان تێدا دەكرێت. 



وشە - رامیار جەواد