لە سلێمانی دەیان هاووڵاتی كاریان بووەتە كۆكردنەوەی پلاستیك و دەیفرۆشنەوە كارگەكان

:: AM:09:57:10/09/2019 ‌
هەلی كار و سوودی ئابووری و پاراستنی ژینگە دەرهاویشتەی ریسایكلینن
 
ژمارەیەك كارگەی پلاستیك لە سلێمانی، مادە پلاستیكییەكان لە هاووڵاتییان بە نرخێكی دیاركراو وەردەگرنەوە و ریسایكلینی دەكەنەوە و كەلوپەلی پلاستیكی لێ دروست دەكەن. شارەوانیی سلێمانی بەنیازە لە سەنتەری شارەكان بنكە بۆ ئەو كارگانە دەستنیشان بكات و هەر كەسێك پلاستیكی هەبوو لێی بكڕنەوە. ئەم هەنگاوەیش جگە لە سوودی ئابووری و هەلی كار، ژینگەش دەپارێزێت.

سورێن كەریم بەڕێوەبەری كارگەی ئیمارات پلاستیك لە سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند كە ماوەی دوو ساڵە لە ڕێی هاووڵاتییان و كەسانێك كە كاریان كۆكردنەوەی پلاستیكە، دەستیان كردووە بە كڕینی ئەو مادە پلاستیكییانەی لەگەڵ خۆڵ و خاشاك فڕێ دەدرێن و بە نرخێكی دیاركراو لە هاووڵاتییانی وەردەگرن.

بەگوتەی خۆی "دواتر ئێمە لە كارگە دەیهاڕین و دووبارە بەكاری دێننەوە و بەشێكیشی ڕەوانەی دوو وڵاتی دراوسێ دەكەین".
ئەو بەڕێوەبەرە دەڵێ، ڕۆژانە دەیان هاووڵاتی هەلی كاریان بۆ دروست بووە و لە كۆڵان و دووكان و عەلوەكان مادە پلاستیكییەكان كۆ دەكەنەوە و دەیهێننە كارگە و بە كیلۆ لێیان دەكڕنەوە.

نرخی كیلۆیەك پلاستیك لە 200 دینارەوە بۆ 300 دینارە، ئەو مادانە لە كارگە ورد دەكرێن، ئەگەر هاووڵاتییەك داوای كەلوپەلی پلاستیكی وەك ئینجانە و سندووقی پلاستیك بكات، مادەی تری تێكەڵ دەكەن و دووبارە بەكاری دێننەوە.

پێویستە بگوترێ بەشێكی ئەو پلاستیكە دوای وردكردن، هەناردەی ئێران و توركیا دەكەن و بەشێكیش بۆ بەغدا دێتە ناردن. وەك سۆرین كەریم خستیە ڕوو "هەركات بزانین لەو دوو وڵاتە خواست هەیە، ئێمەیش لێرە نرخی زیاتری پێ دەدەین، جاری وا هەیە بۆ كیلۆیەك 300 دینار دەدەین بەوانەی بۆمان دەهێنن، ئەگەر خواستیش كەم بووەوە، نرخەكە بۆ 200 تا 250 دینار كەم دەكەینەوە."

لەو كارگەیە ڕۆژانە لە نێوان دوو بۆ چوار تۆن پلاستیك وەردەگیرێت، لە سلێمانی 10 كارگەی پلاستیك هەن كە مادە پلاستیكییەكان لە هاووڵاتییان دەكڕن و دووبارە بەكاری دێننەوە یان ئەوانیش وردی دەكەن و هەناردەی دەرەوەی دەكەن، ئەگەر لە ناوخۆ كیلۆی بە 250 دینار وەربگیرێت، هەفتانە نزیكەی 20 تۆن مادەی پلاستیكی هاڕاو هەناردەی دەرەوە دەكەن.

ئەم نریتە لە وڵاتان دەمێكە هەیە و زیاتر شووشە دەكاتە ئامانج و خەڵكی زۆر بە كۆكردنەوەی شووشەی بەردەم باڕ و ناو سەلەی زبڵ سەرقاڵن, بەڵام لە كوردستان تازەیە و هێشتا نەبووە بە پیشە.

نزار جەلال بەرپرسی بەشی خزمەتگوزارییەكان لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئەو كارگانە كە ئەو مادە پلاستیكییانە دەكڕنەوە، سوودی زۆری هەیە بۆ ناوچەكە و ژینگە، پلاستیك مادەیەكە زۆر لە زەوی دەمێنێتەوە، لەگەڵ ئەوەش زیانێكی زۆری لە ناوچەی تانجەرۆ داوە بەهۆی كەوتنەوەی ئاگر و دووكەڵ و پیسبوونی ژینگە.

ئەو روونی كردەوە، ئەو كارگانە خۆیان نرخ بۆ كڕینی پلاستیك دیاری دەكەن، تێكڕای نرخ 200 دینارە بۆ یەك كیلۆ، بەشێكی تر لە كارگەكانیش مادە كاغەزییەكانی وەك مقەبا دەكڕن، ئەوەش كیلۆی بە 100 دینارە، لەوێ ئەوەی پێویست بێت دووبارە لەگەڵ مادەی تر بەكاری دێننەوە، ئەوەشی زیادە بێت هەناردەی دەرەوەی دەكەن.
بەپێی ئامارێك كە دەستی "وشە" كەوتووە، ڕۆژانە لە سلێمانی هەزار و 200 تۆن خۆڵ و خاشاك هەیە و لەو ڕێژەیە لە سەدا 55ی خواردن و لە سەدا 25ی مادەی پلاستیكییە، ئەوەی دەمێنێتەوە مادەی كاغەز و نایلۆن و شووشەیە، بەو پێیەی ڕۆژانە لە سلێمانی زیاتر لە 350 تۆن مادەی پلاستیكی هەیە.

بەرپرسی بەشی خزمەتگوزارییەكان شارەوانی دەڵێت، "ئەو كارگانەی ئەو مادانەی دەكڕنەوە وەك پلاستیك و كاغەز، لە دەرەوەی شارن، دەمانەوێ لە داهاتوودا بنكەیان لەناو شار و گەڕەكان بكەنەوە تا هەر كەس ئەو مادانەی هەبوو بیبات پێیان بیفرۆشێت و زۆرترین مادەی پلاستیكی كۆ بكرێتەوە، چونكە هاووڵاتی بزانێ مادەیەك لە شوێنێكی نزیك وەردەگیرێت بە پارە، ئەگەر هەفتانەیش چەند كیلۆیەك كۆ بكاتەوە، دەیبات دەیفرۆشێت و بڕە پارەیەكی دەست دەكەوێت و بەوەش كەمترین مادەی پلاستیكی بە ژینگەدا بڵاو دەبێتەوە".

لەلایەكی ترەوە بڕیار كەمال یەكێكە لەو دووكاندارانەی هەفتەی جارێك تەواوی مادە پلاستیكییەكانی بە ئۆتۆمبێلێكی جۆری دوو تۆنی دەبات بۆ كارگە. ئەو بە"وشە"ی گوت، "ئەو مادە پلاستیكییانە كیلۆی بە 200 دینار دەفرۆشم، ئێمە كە دووكانمان هەیە ئەو مادانە بە تایبەت سندووقی میوە و سەوزە فڕێ نادەین، بەڵكو دەیفرۆشینەوە و سوودی هەیە و بڕە پارەیەكمان دەست دەكەوێت."

ئێستە بەشێك لە هاووڵاتییان كاریان بووەتە كۆكردنەوەی پلاستیك و كاغەز، ڕۆژانە بە دووكان و سۆپەرماركێت و كۆڵان و بازاڕەكاندا دەسووڕێنەوە و بە پشتبەستن بە ماتۆڕی سێ تایە، پلاستیك كۆ دەكەنەوە و دواتر دەیفرۆشنەوە و بەشێك لە خەرجییەكانی رۆژانەیان بۆ دابین دەكات.

وشە/راپۆرتی هۆشیار عەلی


*


وشە - وشه‌

ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌