فراكسیۆنی پارتی: لەگەڵ سەندنەوەی متمانە لە عەبدولمەهدی نین

:: PM:03:52:10/09/2019 ‌
لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، پەرلەمانتارانی لیستەكان لێدوانی توندتر دژ بە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەدەن و ئاماژە بە ئەگەرەكانی سەندنەوەی متمانە لە خۆی و وەزیرەكانی دەكەن. ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، ئێمە لەگەڵ سەندنەوەی متمانە نین و ئەوەی هەیە گوشارێكی سیاسییە و هیچی تر.

بڕیارە شەمووی داهاتوو 14ی ئەیلوول، پەرلەمانی عێراق دەست بەدانیشتنەكانی بكاتەوە، رۆژانەیش پەرلەمانتارانی فراكسیۆنە گەورەكانی پەرلەمان ئاماژە بە بانگهێشت و لێپرسینەوە لە وەزیرەكانی كابینەی حكوومەت و خودی عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران دەدەن" سەرۆكی فراكسیۆنی پارتییش، پێی وایە، ئەوەی هەیە زیاتر گوشارێكی سیاسییە.

ڤیان سەبری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ "وشە" ئاماژەی بەوەدا، وەك فراكسیۆنی پارتی لەگەڵ سەندنەوەی متمانە نین لە عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیران و وەزیرەكانی كابینەكەی، دەڵێ، ئەوەی ئەوان كردوویانە لە ماوەی ساڵی رابردوو لەسەر بنەمای بودجە بووە و بودجەیشیان جێبەجێ كردووە، بۆیە شتێك نابینین شایانی ئەوە بێت متمانە لە وەزیرەكان و سەرۆك وەزیر وەربگیردرێتەوە.

سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی پێی وایە، بۆچوونی زۆرینەی لیستە كوردستانییەكان ئەوەیە كە متمانە لە سەرۆك وەزیران وەرنەگیردرێتەوە، گوتی "پێش كۆبوونەوەی پەرلەمانیش هەوڵدەدەین وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەیەكەوە كۆببینەوە و تاوتوێی قۆناغی نوێی دانیشتنەكانی پەرلەمان بكەین".

ڤیان سەبری ئەوەی خستەڕوو، ئەو هەوڵەی ئێستە هەیە لە لێدوانی پەرلەمانتاران بۆ سەر حكوومەت و سەرۆك وەزیران، هەر هەموو گوشاری سیاسییە، یەكێك لە گوشارەكانیش كە پێوەندی بە كاتی نووسینەوەی بودجەی 2020 هەیە، پێوەندارە بە پشكی هەرێمی كوردستان و بەشێكی تریش لە گوشارەكان پێوەندارە بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كە بڕیارە لە یەكی نیسانی 2020 ئەنجام بدرێت، گوتی "تا ئێستە هەڵوێستی فەرمی ئێمە ئەوەیە لەگەڵ سەندنەوەی متمانە نین لە سەرۆك وەزیران".


وشە - فه‌رمان سادق