عاشوورای خانەقین خەڵتانی خوێنە و تەندروستی فریای چارەسەر ناکەوێت

:: PM:04:25:10/09/2019 ‌

ماوەی سێ رۆژە رێوڕەسمی عاشوورا لە خانەقین بەردەوامە و ناوچەكەش خەڵتانی خوێن بووە و تەندروستی شارەکەیش رای دەگەیەنێت، لە ماوەی ئەم سێ رۆژدا زیاتر لە 100 برینداری رێوڕەسمی عاشوورا هێنراون بۆ نەخۆشخانە.

ئەمڕۆ سێشەم 10ی ئەیلوول، خالید جەبەل بەرپرسی راگەیاندنی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی سێ رۆژە تیمەكانمان لە ناوەڕاستی خانەقین لەگەڵ تیمەكانی تایبەت بە سنگ كوتانی رێوڕەسمی عاشووران، سەرباری ئەوەی كە بەردەوام تیمی تایبەت فریای بریندارانی رێوڕەسمەکە دەکەون، کۆمەڵێک لە بەشداربووانی رێوڕەسمەکە برینەکانیان قووڵ بووە و رەوانەی بەشی فریاکەوتن کراون.

زیاتر روونی دەکاتەوە، لەماوەی ئەم سێ رۆژەدا زیاتر لە 100 برینداری رێوڕەسمی عاشوورا بە ئەمبۆلانسی تایبەتی نەخۆشخانە هێنراون بۆ نەخۆشخانەی گشتی خانەقین و چارەسەریان بۆ كراوە.

"بەپێی قەبارەی برینداریان چارەسەری برینەكانیان كراوە و لەنەخۆشخانە دەركراون، هەشیانە بە زنجیر وهەشە بەكەرەستەی تری وەک شمشێر و خەنجەر خۆی بریندار کردووە" خالید جەبەل وای گوت.

كارزان فواد، وەك توێژەرێكی كۆمەڵایەتی بۆ "وشە" دەڵێ، بینینی دیمەنی خوێن و زنجیر و چەقۆ بۆ كەسانی هەست ناسك و منداڵ گونجاو نیە، كەچی لەسەر شەقام و شوێنەگشتییەكان بێ هەستكردن بە لایەنی دەروونی كەسی بەرانبەر خوێن دەرژێت و بەتوندی لەخۆیان دەدەن .

دووپاتی دەکاتەوە، هەندێك جار منداڵانیش بەشدارییان پێ دەکرێت، لەو رێوڕەسمەدا ئەوەش مایەی نیگەرانییە و دواتر كاردانەوەی خراپی لێدەكەوێتەوە.

ساڵانە شیعە لە ئێران و عێراق و بەشێک لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستان یادی رێوڕەسمی عاشوورا دەکەنەوە و لەو رێوڕەسمەدا وەک پێشاندانی هاوخەمی بۆ حوسێنی کوڕی عەلی "ئیمامی سێیەمی شیعە" بە زنجیر لەخۆیان دەدەن و بەشێکیان بە چەقۆ و شمشێر سەر و گیانی خۆیان بریندار دەکەن.

گەرمیان / سەبری هۆرێنی



























وشە - هیدایه‌ت جان