سلێمانی.. هەڵمەتی ڕێگرتن لە خۆكوشتن ڕاگەیەنرا

:: PM:09:15:10/09/2019 ‌
ژمارەیەك بەرپرسی حكوومی و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ژنان لە پێناو بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن چالاكیەكیان ڕێكخست و هەڵمەتێكی هۆشیاری بۆ ڕێگەگرتن لە خۆكوشتن دەستی پێ كرد.

شۆخان ئەحمەد بەرپرسی ڕێكخراوی هاریكاری یاسایی ژنان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، چالاكیەكمان ڕێكخست و تیایدا هۆشیاریمان دەربارەی خۆكوشتن بڵاو كردەوە.

ڕوونیشی كردەوە، خۆكوشتن دووەم هۆكاری گیان لەدەستدانی مرۆڤە لە دنیا و ساڵانە زیاتر لە 800 هەزار كەس خۆیان كوشتوە و هەرێمی كوردستانیش بەدەر نەبووە لە خۆكوشتنە، بەردەوام دەیبیستین كە تاكەكان خۆیان دەكوژن، بۆیە ئێمەیش لە چالاكییەكی مەیدانیدا هۆشیاریمان لەسەر ئەم دیاردەیە بڵاو كردەوە.

" ئەم هەڵمەتە بە هاوبەشی دەزگا تەناهییەكان و ڕێكخراوەكانی مافی مرۆڤ و ژنان و چەند شوێنێكی تر بوو، كە تیایدا نامیلكەمان دەربارەی ھۆشیاری لە بەرانبەر بە خۆكوشتن بڵاو كردەوە كە باس لە ھۆكارەكان و ڕێگە چارەكان دەكات" شۆخان وای گوت.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی 10ی ئەیلوولی هەموو ساڵێكی بە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی خۆكوشتن دیاری كردووە، هاوكات چەند رێكارێكی داناوە بۆئەوەی بەرەنگاری خۆكوشتن ببنەوە، هاوكات 38 وڵات پابەندن بەو ڕێكارانە.



سلێمانی/ ئاریان محەمەد



وشە - سه‌رخێڵ هاشم