پەرلەمانتارێك: هەندێك بەرپرسی عێراق هیچ كاریان نییە جگە لە هەرێمی كوردستان

:: PM:10:10:10/09/2019 ‌

هێرشی راگەیاندنی ژمارەیەك لە پارت و كەسایەتی سیاسی و پەرلەمانتارانی عێراق بەتایبەتی شیعە بۆ سەر هەرێمی كوردستان بەردەوامە و پەرلەمانتارێكی كوردستانیش دووپاتی دەكاتەوە تۆمەتەكانی دەیخەنە پاڵ هەرێم بەتاڵن و ئەوان هیچ كارێكیان نییە جگە لە هێرشكردنە سەر هەرێمی كوردستان.

بەم دواییە یووسف كەلابی پەرلەمانتاری عێراق تۆمەتی ئەوەی دایە پاڵ هەرێمی كوردستان كە هۆكاری بەهەدەردانی 30 ملیار دۆلارە وەك پارەی كەڵەكەبووی بودجەكانی عێراقە و دووبارە پرسی ئەوەی ورووژاند كە تا ئێستە یەك بەرمیل نەوتی نەداوەتە بەغدا.

شەعبان عەلی پەرلەمانتاری كوردستان ئەمڕۆ سێشەم گوتی، ژمارەیەك پەرلەمانتنار و بەرپرسی عێراق هەن هیچ كێشەیەكی تریان نییە جگە لە هەرێمی كوردستان نەبێت، بۆیە هەوڵ دەدەن بە بۆنە و بێ هیچ بۆنەیەكەوە هێرشی بكەنە سەر و باشیش دەزانن كە قسەكانیان هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، هەرێم بەئاراستەی پەرەسەندن و پێشكەوتن هەنگاو دەنێت و دۆخی ئەو شارانەی ئەوانیش بەڕێوەی دەبەن روو لە خراپییە، جا كێشەكە لەكوێیە كە باسی دەكەن. 

زیاتر گوتی، ئەو بانگەشانە بەتاڵن و ناراستن و تۆمەتێكی بێ بەڵگەن و هەموو ئەو قسانەیشی دەیكەن بەوەی سەرانی پارتی دیموكراتی كوردستان حیسابی داراییان هەیە درۆ و هەڵبەستنە و كردنە ئامانجیانە و تەنیا بانگەشەی سیاسی هەرزانە و تەحەدایان دەكەین كە راستییەكەی بسەلمێنن. 

ئەو پەرلەمانتارە روونی كردەوە، ئێمە توانیمان بە پشكی هەرێم لە بودجە شارەكانمان ئاوەدان بكەینەوە و شەقام دروست بكەین و ژینگەیەكی لەبار بۆ ژیان دروست بكەین، دەپرسین ئاخۆ كەلابی و پارتەكەی لە پارێزگا وێرانبووەكانی باشووری چیان كردووە كە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل