هەولێر ئەمبوڵانسەكانی بۆ بەرەكانی جەنگ بەڕێ كرد

:: PM:06:16:16/10/2016 ‌

لەگەڵ نزیكبوونەوەی سعاتی سفری جەنگی مووسڵ و بەمەبەستی هاوكاریكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگدا، بەڕێوبەرایەتی تەندروستی هەولێر ژمارەیەك ئەمبوڵانسی بەڕێ كرد و نەخۆشخانەیەكی لە نزیك بەرەكانی جەنگ دامەزراند.

دكتۆر سامان بەرزنجی بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ئێوارە 40 ئەمبوڵانسمان بۆ بەرەكانی جەنگ بەسەرجەم كەلوپەلەكانییەوە بەڕێ كردووە و تیمێكی ڕاهێنراویشمان لەگەڵ ناردوون كە مەشقیان پێ كراوە بۆ ئەم مەبەستە.

بەڕێوبەری گشتیی تەندروستی هەولێر دەڵێ، هەر ئەمڕۆ لە سنووری میحوەری خازر بنكەیەكی تەندروستیمان كردووەتەوە بەسەرپەرشتی ژووری كردەوەگەلی تەندروستی و ژمارەیەكی زۆر لە ئەمبوڵانس و كۆپتەری تەندروستی و كەلوپەلی تەندروستی ئامادەكراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك.

دكتۆر خالس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێشتر بە "وشە"ی ڕاگەیاندبوو كە وەزارەتی تەندروستی تەواو ئامادەیە و هیچ تیمێكی نوێمان دروست نەكردووە، تەنیا تیمەكانی پێشوو نەبێ كە لە سەرجەم میحوەرەكان بوونیان هەیە.

كردەوەگەلی ڕزگاركردنی شاری مووسڵ لەلایەن سوپای عێڕاق و هێزەكانی پێشمەرگە بەڕێوە دەچێ و پێشبینی دەكرێ جەنگەكە لە سعاتی سفر بێت، بۆیە سەرجەم ئامادەكارییەكان لە هەولێر كراوە و كەرتی تەندروستیش هاوشانی وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەكارییەكانی تەواو بووە.

وشە/رامیار جەواد
پ: مەحموود



وشە - باز ئه‌حمه‌د