عێراق و توركیا له‌ باره‌ى هێزه‌كانى توركیا كۆ ده‌بنه‌وه‌

:: AM:11:09:11/09/2019 ‌
محه‌مه‌د حه‌كیمى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق راى گه‌یاند، دانوستاندنێك له‌ نێوان توركیا و عێراق به‌ڕێوه‌ ده‌چێت بۆ تاوتوێكردنى هێزه‌كانى توركیا له‌ عێراق.

 محه‌مه‌د حه‌كیم له‌ كۆنگره‌یه‌كى رۆژنامه‌وانى كه‌ ماڵپه‌ڕى سۆمه‌ریه‌نیوزى عێراقى ئه‌مڕۆ چوارشه‌م 11ى مانگ بڵاوى كردووه‌ته‌وه‌، باس له‌ دوایین هه‌ڵوێستى حكوومه‌تى عێراق ده‌كات له‌مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركیا له‌ عێراق .

 حه‌كیم ده‌ڵێ "به‌غدا له‌ پێوه‌ندى به‌رده‌وامدایه‌ له‌باره‌ی مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركیا له‌ عێراق و توركیایش له‌ هه‌ستیارى بابه‌ته‌كه‌ تێده‌گه‌ن".

وێڕاى ئه‌وه‌ى وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى عێراق دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ ئه‌وان دانوستاندن له‌گه‌ڵ توركیا ده‌كه‌ن، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات پێوه‌ندى به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌سه‌ر ئاستى وه‌زاره‌تى ده‌ره‌وه‌ و به‌رگرى و هه‌واڵگرى.

 له‌ كۆتایى قسه‌كانى ده‌ڵێ "ئێمه‌ له‌ مه‌ترسى په‌كه‌كه‌ و هه‌ڵوێسته‌كانى تێده‌گه‌ین و له‌م بواره‌دا كۆششى به‌رهه‌مدارمان له‌گه‌ڵ توركیا هه‌یه‌".

  فاتح یه‌ڵدز باڵوێزى توركیا له‌ عێراق، پێشتر له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانى گوتبووى توركیا له‌سه‌ر داواى ده‌سه‌ڵاتێكى باڵاى عێراق هێزى ره‌وانه‌ كردووه‌.

 په‌رله‌مانتارانى عێراق چه‌ندان جار داوایان كردووه‌ بابه‌تى مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركیا له‌ عێراق چاره‌سه‌ر بكات.
 


وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل