پۆلیسی ڕاپەڕین ئاشكرای دەكات ئەمڕۆ ڕووداوێكی هاتوچۆ ڕووی دا و كەسێك گیانی لە دەست دا كە باوكی 15 كوڕ و كچە.
ئەمڕۆ چوارشەم 11ـی ئەیلوول، شۆڕش ئیسماعیل گوتەبێژی پۆلیسی ڕاپەڕین بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لە شارەدێی سەنگەسەر سەر بەشارۆكەی قەڵادزێ، ئۆتۆمبێلێكی جۆری پیكاب/نیسان و تراكتۆرێكی جۆری "فوڕگسن" خۆیان بەیەكدا كێشا و بەهۆیەوە شۆفێری تراكتۆرەكە بەناوی (ع . ع . ع) لەدایكبووی 1950 دانیشتووی شارەدێی سەنگەسەر گیانی لەدەست دا.
ئاشكرای كرد، قوربانی ڕووداوەكەی هاتوچۆ باوكی 15 كوڕ و كچە و كاسب بووە، دوای ڕووداوەكەش مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی شارەدێی سەنگەسەر گەیشتوونەتە شوێنی مەبەست، بەبڕیاری دادوەر و بە ماددەی 24 لە یاسای هاتوچۆ شۆفێری ئۆتۆمبێلەكە ڕاگیر كراوە.
ئاشكرای كرد، دوای توێكاری بۆ تەرمەكەش ڕادەستی كەسوكاری كرایەوە، مەلەفی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە و لێكۆڵینەوەش بەردەوامە.
ڕۆژانە لە هەرێمی كوردستان قوربانی ڕووداوەكانی هاتوچۆ هەیە و بەرپرسانی هاتوچۆش هۆكاری زۆری ڕووداوەكان بەهۆی پاپەند نەبوونی شوفێران بەڕێنوێنییەكان دەگەڕێننەوە.