وەزارەتی دارایی عێراق بۆچی بە وەكالەت بەڕێوە دەچێت؟

:: PM:06:11:18/01/2017 ‌

ئەندامێكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستانی عێراق دەڵێ، پۆستی وەزیری دارایی لە حكوومەتی عێراق پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام بەهۆی دیاری نەكردنی كاندید بۆ پۆستەكە ئێستە بەوەكالەت بەرێوە دەچێت.

دكتۆر ئەردەلان نورەدین ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان بە"وشە"ی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی مەكتەبی سیاسی پارتی ناوی هیچ كەسێكی وەك كاندید بۆ پۆستی وەزارەتی دارایی حكوومەتی عێراق پێشكەش نەكردووە، بۆیە سەرۆك وەزیرانی عێراق ئەو پۆستەی بە وەكالەت پڕ كردووەتەوە.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق زیاتر گوتی، پۆستی وەزیری دارایی لە حكوومەتی عێراق پشكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە تا ئەو كاتەی كاندیدێك دیاری دەكرێت بەو شێوەیە دەمێنێتەوە.

نورەدین ئاماژەی دا، بەڕێوەبردنی ئەو پۆستە بەو شێوەیە تا ئەو كاتە ئاساییە كە پارتی كەسێك دیاری دەكات، بەڵام تا ئێستە وادەیەك نییە بۆ ئەوەی پارتی كەسێك دیاری بكات بۆ ئەو پۆستە.

لەبارەی ئەوەی باس لە دانانی فازڵ نەبی بریكاری وەزارەتی دارایی عێراق دەكرێت بۆ پۆستی وەزیری دارای ئەو پەرلەمانتارەی عێراق رەتی كردەوە و رای گەیاند، چەند كەسێك خۆیان وەك كاندید ناساندووە بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، بەڵام تا ئێستە هیچ كەسێك بەفەرمی كاندید نەكراوە.

پێشتر زانا رۆستایی ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بە"وشە"ی راگەیاندبوو، بۆ ئەوەی دەسەڵاتەكان بە ئارەزووی خۆی بەكار بێنێت، عەبادی لە پڕكردنەوەی شوێنی وەزیرەكان پەلەی نییە. 

دوێنی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق عەبدولرزاق عیسا كە وەزیری خوێندنی باڵای عێراقە وەك وەزیری دارایی بەوەكالەت دانا، هاوكات ماوەی حەوت مانگەیشە پۆستی وەزارەتی بەرگری و چەند وەزارەتێكی تر بەتاڵن.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم