یەکێتی هەواڵی ئازادکردنی سیروان کوێخا نەجم رەت دەکاتەوە

:: PM:12:35:11/09/2019 ‌

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، ئازادكردنی سیروان كوێخا نەجم دوورە لە ڕاستییەوە و دەشڵێت، لە قەڵاچۆلان دەمێنێتەوە تا ئەو كاتەی تۆمەتەكەی لەسەر نامێنێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

ئەمڕۆ چوارشەم 11ی ئەیلوول، محەمەد وەتمان ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لێكۆڵینەوەكان لەگەڵ سیروان کوێخا نەجم كراون و دوای تەواوبوونی لێكۆڵینەوەكان دەچێتەوە ماڵەوە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، سیروان کوێخا نەجم نەگیراوە تا ئازاد بكرێت، ئەو وەك میوان لە بارەگای قەڵاچۆلانە و لەوێ دەمێنێتەوە، ئەوەی لە بارەی ئازادكردنی بڵاو بووەتەوە دوورە لە ڕاستییەوە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دووپاتی دەکاتەوە، لە قەڵاچۆلان دەبێت تا ئەو تۆمەتەی بۆی دروستكراوە لەسەری نامێنێت و لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت.

رۆژی 25ی ئاب، سیروان كوێخا نەجم ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی بە بڕیاری كۆسرەت ڕەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتی یەكێتی گیرا و لە قەڵاچۆن لە لایەن دەزگای ئاژانس و زانیاری لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێت، تا ئێستە یەکێتی بە روونی هۆکاری گرتن و تۆمەتەکانی ئاشکرا نەکردووە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - هیدایه‌ت جان