پشووی جەژن تاقیكردنەوەی پۆلە كۆتاكان لەت دەكات

:: PM:06:35:18/01/2017 ‌

بەڕێوبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی خشتەی خوێندنی بۆ ساڵی 2016 بۆ 2017 ڕاگەیاند و بەگوێرەی خشتەكە، تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵ بۆ پۆلی 12 ئامادەیی دیاری كراوە لە رێككەوتی 16حوزەیران دەستپێكی تاقیكردنەوەكانە.

ئەمڕۆ چوارشەم عەبدولواحید ئەحمەد جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ ئەنجامدانی تاقیكردنەوەی پۆلە نا كۆتاكان، دەسەڵات بە بەڕێوەبەری پەروەردەی شار و شارۆكەكان دراوە كە دەستكاری كاتەكەی بكەن.

جێگری سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان دەڵێ‌، بەڵام پۆلی نۆی بنەڕەتی و 12 ئامادەیی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان لە رێككەوتی 14ی حوزەیران تاقی كردنەوەكانیان دەكرێت، ئەوەش سەرجەم هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەیەكەوە ئەنجام دەدرێت.

ئەحمەد ئاشكرای كرد، ڕاستە بەشێك لە تاقیكردنەوەكان دەكەوێتە ناو جەژنی ڕەمەزان، بەڵام چارەسەرمان بۆ ئەوەش دۆزیووەتەوە كە لە كاتی ئەنجامدانی چوار تاقیكردنەوە دەبێتە جەژنی ڕەمەزان و هەفتەیەك تاقیكردنەوە دەوەستێ، ئەوەش لە بەرژەوەندی قوتابییانە و دەتوانن سوود لەم كاتە ببینن و باشتر خۆیان ئامادە بكەن و سێ‌ تاقیكردنەوەی كۆتاییش لە دوای جەژن دەبێت.

بەهۆی بایكۆتكردنی مامۆستایانەوە لە دەڤەرەكانی سلێمانی، هەڵەبجە، ڕاپەڕین و گەرمیان، داواكارییان بۆ چاككردنی مووچەكانیان، پرۆسەی خوێندن تا رادەیەك لەو دەڤەرە پەكی كەوت، ئێستە مامۆستایان گەڕاونەتەوە هۆڵەكانی خوێندن، بەڵام نزیكەی 80 ڕۆژی خوێندن لەم دەڤەرەدا دوا كەوتووە.




وشە - رامیار جەواد