گوڵ بە پاككەرەوانی ژینگە درا

:: PM:04:22:11/09/2019 ‌
لەگەڵ هەڵمەتی چاندنی نەمام لە شارەدێی رزگاری سەربەشارۆكەی كەلار لەلایەن بەرێوەبەری شارەدێكەوە گوڵ بە پاككەراوانی ژینگە درا.
 
سروە محەمەد بەرێوەبەری شارەدێی رزگاری، بە "وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەڵمەتەكانی سەوزكردنی شارەدێی رزگاری بەگرنگمان زانی بە بەخشینی گوڵ خەڵاتی كرێكارانی پاككەرەوە و ژینگە پارێزی شارەوانی بكەین كە بەردەوام ماندوودەبن و خەمی پاككردنەوەی ژینگەی ناوچەكەیانە.

سروە كە تاكە بەرێوەبەری ژنە لە سنووری ئیدارەی گەرمیان گوتی، تەواوی ناوچەكانی گەرمیان پێویستی بەهەڵمەتی نەمام چاندن و سەوزكردنە بۆ پاك راگرتنی ژینگە و زیادكردنی رێژەی سەوزایی بۆیە بەردەوام دەستخۆشی لەكرێكارە ماندوونەناسەكان دەكەین.

لای خۆیەوە ئەرسەلان ئەحمەد سەرۆكی شارەوانی شارەدێی رزگاری بۆ "وشە" ئاماژەی دا، هەڵمەتی نەمام چاندن لە شارەدێكەیان چەند رۆژێكە لە پارك و باخچەو شوێنەگشتییەكان بەردەوامی هەیە.

شارەدێی رزگاری لە كۆتایی هەشتاكانی سەتەی رابردوو رژێمی رووخاوی بەعس بۆ بەجێماوانی ئەنفال دروستی كرد و ناوی نا (صمود) دوای راپەڕینی خەڵكی كوردستان لە بەهاری 1991 ناوەكەی گۆڕدرا بۆ رزگاری، ژمارەی دانیشتووانی پتر لە 36 هەزار كەس دەبێت .

گەرمیان/ سەبری هۆرێنی











وشە - سه‌رخێڵ هاشم