چه‌ند به‌رپرسێكی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان ده‌یان دۆنم زه‌وی كۆلێژی كشتوكاڵ داگیر ده‌كه‌ن و به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ خانووی له‌سه‌ر دروست ده‌كه‌ن، ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانیش له‌و رووه‌وه زانیاری ده‌دات.
به‌پێی به‌دواداچوونی "وشه" كۆلێژی كشتوكاڵی عه‌واڵ خاوه‌نی یه‌ك هه‌زار دۆنم زه‌وییه كه دابینكراوه بۆ خوێندكارانی ئه‌و كۆلێژه، به‌ڵام به‌شێكی له لایه‌ن ژماره‌یه‌ك به‌رپرسی ده‌ستڕۆیشتووی ناو یه‌كێتییه‌وه دابڕێندراوه و به خه‌ڵكی فرۆشراوه‌ته‌وه و به‌شێوه‌ی زیاده‌ڕۆ خانووی له‌سه‌ر دروستكراوه.
ره‌مه‌زان نامیق ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ و دارایی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی به "وشه"ی راگه‌یاند، ئه‌و زه‌ویه‌ى دابڕێندراوه كه موڵكی كۆلێژهكهیه زیاتر له سێ گه‌ڕه‌ك خانوویان له‌سه‌ر دروست كردووه و چه‌ند به‌رپرسێكی ده‌ستڕۆیشتوو له پشت ئه‌و داگیركارییهوهن.
روونیشى كرده‌و كه چه‌ند جارێك هه‌وڵی راگرتنی ئه‌و به‌رپرسانه دراوه و دۆسیه‌كه‌یان براوه‌ته دادگا، به‌ڵام به‌هۆی ده‌ستڕۆیشتووییان كه خۆیان له سه‌رو یاسا‌و پۆلیسیشه‌وه ده‌بینن، نه‌توانراوه رابگیرێن و به‌رده‌وامن له‌كاره‌كانیان.
ئه‌ندامه‌كه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی ئه‌وه‌یشی نه‌شارده‌وه كه كۆلێژه‌كه خۆیشی ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی نیه پارێزگاری له موڵكه‌كه‌ی بكات، ئه‌گه‌رنا ده‌یتوانی ته‌لبه‌ندى بكات تا له‌و داگیركارییه بیپارێزێت.
سلێمانی/ هه‌ستیار عه‌بدوڵا