جۆ بایدن سەردانی كوردستان دەكات

:: PM:07:13:18/01/2017 ‌

ماڵپەڕی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە كە لە كۆبوونەوەی دوێنێی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمریكا، بارزانی بانگهێشتنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە وەك دۆستێكی گەلی كورد سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و جێگری سەرۆكی ئەمەریكاش بانگهێشتنەكەی قبووڵ كردووە.

سێشەم 17ی كانوونی دووەم/جەنیوەری لە پەراوێزی یەكەم ڕۆژی كۆڕبەندی ئابووری جیهانیی داڤوس، مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەلایەن جۆ بایدن جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێشوازیی لێ كرا، لە بارەی كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی مووسڵ جێگری سەرۆكی ئەمەریكا پێزانینی هەبوو بۆ هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق كە ئەنجامی زۆر باشی لە جەنگی تیرۆریستانی داعش لێ كەوتەوە.

لەو دیدارەدا رووناكی خرایە سەر دۆخی عێراق و ئاییندەی پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و جێگری سەرۆكی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە پاڵپشتییەكانی ئەمەریكا بۆ گەلی كوردستان، هیوای خواست كە ئیدارەی تازەی ئەمەریكا بەردەوام بێت لە دۆستایەتی و پاڵپشتیكردنی گەلی كوردستان.

لای خۆیەوە بارزانی بانگهێشتنی جێگری سەرۆكی ئەمەریكای كرد كە وەك دۆستێكی گەلی كوردستان سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و جێگری سەرۆكی ئەمەریكایش بانگهێشتنەكەی قبووڵ كرد.

دوێنێ‌ سێشەم كۆربەندی داڤۆس لە سویسرا دەستی بەكارەكانی كرد، كە تا 20ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش لە رێزی ئەو كەسانەیە كە بەشداری لە باسە جیاوازەكانی كۆربەندەكەدا دەكات.

ماڵپەڕی فەرمی كۆربەندی ئابووری جیهان (داڤۆس) ئەمساڵ بارزانی وەك یەكێك لە قسەكارانی نێو كۆربەندەكە ناساندووە و كورتەیەكی لەبارەی ژیانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان نووسیووە كە كاری كردووە بۆ چەسپاندنی دیموكراتی لە عێراق و پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستان.




وشە - رامیار جەواد