بۆ كۆنگرە كڕینەوەی ئەندامان لەناو باڵەكانی یەكێتی دەستی پێ كرد

لۆگۆى یه‌كێتى نیشتمانى كوردستان
:: PM:08:03:11/09/2019 ‌
لەگەڵ دیاریكردنی وادەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلایەن سەركردایەتی ئەو حزبەوە، ئامادەكارییەكان دەستی پێ كردووە، بەڵام ئەگەری زۆرە لە كۆتا قۆناغدا كۆنگرەی تەوافووقی ئەنجام بدرێت.

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە دوای دیاریكردنی وادەی كۆنگرەوە هەنگاوەكان بۆ ئەنجامدانی رێككارەكانی بەستنی كۆنگرەی بۆ ئەو حزبە قورستر بوون و ململانێی باڵەكان زەقتر بووەتەوە.

هەرچی باڵی دەسترۆیشتووی یەكێتییە دەیانەوێت لە كۆنگرەدا زۆرترینی پۆستەكانی سەركردایەتی و مەكتەبی سیاسی بە دەستبهێنن، تا سكرتێری داهاتووی حزبەكە بۆ خۆیان بێت و دەستبەسەر جومگە سەرەكییەكان نەبن.

هەرچی باڵی كۆسرەت رەسووڵیشە بەهۆی ئەوەی ترسیان هەیە لەوەی ئەندامانی كۆنگرە لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووەوە بە پارەو پۆست بكڕدرێن، بۆیە لەگەڵ ئەوەن پێش كۆنگرە تەوافووق بكرێت و پۆستەكان یەكلا بكرێنەوە.

محەمەد وەتمان ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، مەكتەبی سیاسی لیژنەیەكی بۆ ئامادەكارییەكانی كۆنگرەی چوارەم پێكهێناوە كە لە رەفعەت عەبدوڵا و قادر حەمەجان؍ ئەرسەلان بایز و رزگار عەلی پێكدێن.


روونیشی كردەوە كە ئەم لیژنەیە لەسەر ئامادەكارییەكانی كۆنگرە مانگانە لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی كۆ دەبێتەوە تا وادەی بەستنی كۆنگرە و تەواوبوونی رێككارەكان؍ لە كۆنگرەشدا هەر كەس ئازادە خۆی هەڵدەبژێرێت.

هاوكات شاڵاو عەلی عەسكەری ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، كۆنگرە وادەی ئەنجامدانی دیاریكراوە و دەبێت ئامادەكارییەكان بەپێی بەرنامەی دیاریكراو بەڕێوە بچن.

پرسی ئەنجامدانی كۆنگرە، باڵەكانی یەكێتی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە و هەر لایەك مەترسی هەیە كۆنگرە لە زیانی ئەو كۆتایی بێت، بەڵام بە گوتەی سەرچاوەیەكی ئاگادار لەو حزبە؍ دواجار باڵەكانی یەكێتی لەسەر ناردنی ئەندامان بۆ كۆنگرە رێككەوتن دەكەن و كۆنگرەی تەوافووقی بەڕێوە دەچێت.

سلێمانی/ هەستیار عەبدوڵا



وشە - سه‌رخێڵ هاشم