عەمار حەكیم سەردانی كوردستان دەكات

:: PM:07:37:18/01/2017 ‌

شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق بەسەرۆكایەتی عەمار حەكیم سەردانی هەرێمی كوردستان دەكات و لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان كۆ دەبێتەوە بەمەبەستی بانگەشەكردنیان بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتیمانی لە عێراق.

بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەم عەمار حەكیم سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتیمانی (شیعە) و شاندێكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی لە عێراق سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن، ئەو شاندە ناوەڕۆكی پڕۆژە مێژووییەكەی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ سەرجەم لایەنە عێراقی و هەرێمی كوردستان دەخاتە روو.

سەردانەكەی حەكیم سەرەتا لە شاری سلێمانی دەست پێ دەكات كە بڕیارە لەگەڵ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمیش كۆبوونەوە بكات، بەمەبەستی ڕازیكردنیان بۆ پاڵپشتیكردنی پڕۆژەكە كە زیاتر بە پڕۆژەی چاكسازی حەكیم دەناسرێت.

حەكیم لە پڕۆژەكەیدا داوای سازانی نیشتیمانی نەتەوەیی دەكات خواستەكانی سەرجەم نەتەوەكان لە بەغدا كۆ دەكاتەوە بۆ چارەسەری بنەڕەتی كێشەكانی عێراق و ناوچەكانی ژێر دەستی داعش و مووسڵی دوای داعش.

عەمار حەكیم سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی عێراق و سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی شیعەكانە، پێشتر ناوبراو پرۆژەیەكی بۆ چارەسەری كێشەكانی عێراق خستە ڕوو و بڕیارە ئەو پرۆژە بخرێتە بەردەم لایەنە سیاسییەكانی عێراق‌ و هەرێمی كوردستان.





وشە - رامیار جەواد