كوردستان: چوار لیژنە كار لەسەر مافی گشتی هاووڵاتییان دەكەن

:: PM:07:51:18/01/2017 ‌

ئەندامێكی داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان ئاماژە دەكات كە بۆ بەدواداچوون لەسەر مافی گشتی كە بەشێكە لە ئەركی داواكاری گشتی، چوار لیژنە پێك هێنراوە و رای دەگەیەنێت كە پێویستە یاسای ژمارە 159ی تایبەت بەداواكاری گشتی هەموار بكرێتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم پەیمانگەی بەدواداچوون بۆ توێژینەوەی یاسایی لە پارێزگای هەولێر دیبەیتێكی لەبارەی رۆڵی داواكاری گشتی لە بەرجەستەكردنی سەروەری یاسا و پاراستنی سامانی گشتی ئەنجام دا.

دكتۆر محەمەد رێكانی ئەندامی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، بۆ ئەوەی داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان بتوانێت چالاكتر، بێت پێویستە یاسای ژمارە 159 ساڵی 1979 داواكاری گشتی هەموار بكرێتەوە، چوونكە لەو یاسایەدا كەموكورتی زۆرە.

ئەو ئەندامەی داواكاری گشتی كوردستان زیاتر گوتی، بۆ بەدواداچوون لەسەر مافی گشتی كە بەشێكە لە ئەركی داواكاری گشتی چوار لیژنە پێك هێنراوە و تەنیا لە پارێزگای هەولێر هەزار و 288 بەدوداچوونیان ئەنجام داوە و و لەسەر ئەو بەدواداچوونانەش زیاتر لە 970 داوایان تۆمار كردووە.

لە بەشێكی تری قسەكانیدا رێكانی گوتی، هاووڵاتییان بە ئومێدەوە سەردانی داواكاری گشتی دەكەن و تەنیا لە ساڵی 2016  لە پارێزگای هەولێر نزیكەی 36 هەزار سەردان كراوە بۆ داواكاری گشتی و جیا لە شارەكانی تر رێژەیەكی زۆر لە هاووڵاتییان سەردانیان كردووە و پەراوی لێكۆڵینەوە بۆ كێشەكانیان كراوەتەوە. 

هاوكات لە ئێستەدا داواكاری گشتی هەرێمی كوردستان سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە لە ژمارەیەك كەیسی گەندەڵی و بەپێی زانیارییەكانی "وشە" چەند هەفتەیەك لەمەوبەر مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان 10 كەیسی رەوانەی داواكاری گشتی كردووە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم