مايكل مۆلرۆی یاریده‌ده‌ری وه‌زیری به‌رگری ئه‌مه‌ریكا بۆ كاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئاشكرای كرد، پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش، ئێسته ناكۆكی و كه‌لێنه ته‌ناهییه‌كانی ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و عێراق به‌كارده‌هێنن، بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان له ناوچه‌كه جێگیر بكه‌ن و هه‌ژموون به‌سه‌ر ناوچه‌كه بسه‌پێنن و دووباره ده‌سه‌ڵات و پێگه له‌و ناچانه به‌ده‌ست بهێننه‌وه.
زیاتر گوتی، پێویسته هه‌ولێر و به‌غدا له ڕووی ته‌ناهییه‌وه له‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه زۆرترین هه‌ماهه‌نگی و لێكنزیكبوونه‌وه له نێوانیان دروست بكه‌ن، چونكه دروستبوونه‌وه و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان له به‌رژه‌وه‌ندی هیچ لایه‌ك نییه، به‌ڵكوو مایه‌ی زیان و سه‌رئێشه‌یه بۆ هه‌ردوولا، بۆیه پێویسته به‌ر له‌و مه‌ترسییه بگرن و ئۆپراسیۆنی فره‌وان و هاوبه‌ش له‌و ناوچانه ئه‌نجام بده‌ن.
مه‌ترسییه‌كانی واشنتن و وڵاتان و هێزه‌كانی ناوچه‌كه له‌و ناوچانه دوای ئه‌وه دێ، له ماوه‌ی ڕابردوو پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش له چه‌ندان گوند و ناوچه‌ی چۆڵه‌وانی ئه‌و سنووره چالاكی جۆراوجۆر و كرده‌ی تیرۆریستی زۆریان ئه‌نجام داوه، ته‌نانه‌ت به هاوه‌ن و چه‌كی قورس هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر گونده‌كان و كێڵگه كشتوكاڵییه‌كانی جووتیاران ده‌سووتێنن و ناوچه‌كه له دۆخێكی نائارام و سه‌ره‌تای ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ی تیرۆر و ڕووبه‌ڕوبوونه‌وه و جه‌نگێكی تر ده‌چێت.
به‌هۆی ناكۆكی له‌سه‌ر ناوچه‌كانی سنووری ماده‌ی 140 له نێوان حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، ئه‌م ناوچانه جۆرێك له په‌راوێزخستنیان پێوه دیاره و هێزه‌كانی عێراق كه ئێسته له ناوچه‌كه بڵاون، بێباكن له پاراستنی ته‌ناهی ناوچه‌كه، هاوكات هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌یش هه‌رچه‌نده پێش 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017 به ته‌واوی ناوچه‌كه‌یان ده‌پاراست و هیچ كه‌لێنێكی ته‌ناهی بۆ سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆریستان لێ نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌و ناوچانه بوونیان نه‌ماوه، ده‌ستیان به ناوچه‌كه ناگات، تا ڕووبه‌ڕووی پاشماوه‌كانی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش ببنه‌وه و ڕیشه‌كێشیان بكه‌ن.
به گوێره‌ی زانیاری و راپۆرته هه‌واڵگرییه‌كان، مه‌ترسییه‌كانی به‌هێزبوونه‌وه‌ی داعش زیاتر له ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كانی نێوان دیاله و كه‌ركووكه كه بووه‌ته سێگۆشه‌ی زیندوو مانه‌وه‌ی پاشماوه‌كانی داعش، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ناوچه‌یه‌كی ئاڵۆز و جیوگرافیایه‌كی ئاڵۆزی هه‌یه، هێزه‌كان هه‌رچه‌نده ئۆپراسیۆنی كێوماڵكردنی جیا جیایش ئه‌نجام ده‌ده‌ن، به‌ڵام ناتوانن مۆڵگه و شانه نووستووه‌كانی داعش له ناوچه‌كه بدۆزنه‌وه، كه به ڕۆژ له‌و ناوچه ئاڵۆزه خۆیان حه‌شار ده‌ده‌ن و به شه‌ویش ده‌ست به چالاكی تیرۆریستی ده‌كه‌ن.
له ڕاپۆرتێكی پكشنه‌ری گشتی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا "پنتاگۆن" كه مانگی ڕابردوو بڵاوی كرده‌وه، به روونی هۆشداری ئه‌وه‌ی داوه، كه چه‌كدارانی داعش به هۆی نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له نێوان پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی عێراق به ئاسانی ده‌توانن
ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌كار بهێنن و كردوویانه به په‌نایه‌كی ئارام و له‌وێ ڕیزه‌كانی خۆیان ڕێك ده‌خه‌نه‌وه، دوای ڕاپۆرته‌كه‌ی پشكنه‌ری گشتی پنتاگۆن، حكوومه‌تی عێراق ده‌ستی به هه‌ماهه‌نگی زیاتر له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه كردووه، به‌ڵام دۆخه‌كه هێشتا له‌و ئاسته نییه كه بتوانێ به خێرایی چه‌كداران له ناوچه‌كه ڕیشه‌كێش بكرێن و ئارامییه‌كی ته‌واو بۆ ناوچه‌كه ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن، نه‌ك وه‌ك دۆخی ئێسته كه ئارامی و ئاسایشێكی له‌رزۆكی هه‌یه و هه‌ركات چه‌كداران جووڵه بكه‌ن به ته‌واوی ئارامی له‌و ناوچانه بوونی نامێنێت.
ریبیكا ریبریتش گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مه‌ریكا بۆ مۆنیتۆر ئاشكرای كرد، كه هێزه‌كانی پێشمه‌رگه زۆر كارا و ڕژدن بۆ له‌ناوبردنی شانه نووستووه‌كانی داعش له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان، له سه‌ره‌تاوه‌یش ڕۆڵی گه‌وره‌یان گێڕا بۆ له‌ناوبردنی ده‌وڵه‌تی داعش له عێراق و سووریا، بۆیه پنتاگۆن به‌رده‌وام ده‌بێ له مه‌شق و ڕاهێنان كردن به هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، بۆ ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی له‌ناوبردنی پاشماوه‌كانی ئه‌و ڕێكخراوه تیرۆریستییه‌یش ڕۆڵی ته‌واو بگێڕن و بتوانن به‌سه‌ر دۆخه‌كه زاڵ بن و كۆتایی به ته‌نگژه و نائارامییه‌كانی ناوچه‌كه بێنن.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی پنتاگۆن به‌رده‌وامه له هاوكاری پێشمه‌رگه، به‌ڵام له‌لایه‌ن به‌غداوه ئه‌و ناوچانه به هێز كۆنتڕۆڵكرا و ئێسته ده‌ستی پێشمه‌رگه‌ی پێ ناگات، هێزه‌كانی عێراقیش جۆرێك له بێسه‌روبه‌ری و تێكه‌ڵاوییان پێوه دیاره و ناڕێكخراون، به تایبه‌ت میلیشیاكان به ویستی خۆیان مامه‌ڵه ده‌كه‌ن، بۆیه ناتوانن به ده‌م پێویستییه‌كانی دابینكردنی ئاسایشێكی تۆكمه بۆ ناوچه كێشه له‌سه‌ره‌كان بچن.
له ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا فشاری له‌سه‌ر هه‌ولێر و به‌غدا دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌ی په‌له بكه‌ن له گه‌یشتن به ڕێككه‌وتن و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و هه‌ماهه‌نگی له ڕووی بودجه و دارایی و نه‌وت و دۆسیه‌ی ناوچه كێشه‌له‌سه‌ره‌كان و دۆخی ته‌ناهی ناوچه‌كه، بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر دۆخه‌كه هه‌ره‌س نه‌هێنێت، هه‌رچه‌نده حكوومه‌تی هه‌ردوولایش پێوه‌ندییه‌كانیان باش و ئاسایییه، به‌ڵام تا ئێسته ڕێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر ئه‌و كێشانه به ئه‌نجام نه‌گه‌یشتووه.