هەفتەی داهاتوو كاندید بۆ وەزارەتەكانی عێراق دەخرێنە روو

:: PM:07:59:18/01/2017 ‌

پەرلەمانتارێكی عێراق رای گەیاند كە لە دانیشتنەكانی هەفتەی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا ناوی كاندیدان بۆ چەند پۆستێكی ویزاری بەتاڵی كە بە وەكالەت بەڕێوە دەچن، دەخرێنە روو بە مەبەستی دەنگدان لەبارەیانەوە.

جاسم بەیاتی پەرلەمانتاری دەوڵەتی یاسا لەو بارەوە رای گەیاند كە بارستە سیاسییەكان لە دیاریكردنی كاندیدانیان بۆ پۆستە بەتاڵەكانی بەرگری و ناوەخۆی و پیشەسازی و بازرگانی بە كۆتا هاتوونە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە دانیشتنەكانی پەرلەمان بخرێنە روو.

زیاتر گوتی، هەرچی پۆستی وەزارەتی داراییە لەو دانیشتنانە باسی ناكرێت، چونكە تا ئێستە رێككەوتن لەسەر دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستەكە نەكراوە.

دوێنێ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق عەبدورەزاق عیسا وەزیری خوێندنی باڵای بە وەكالەت بۆ بەڕێوەبردنی كاروباری وەزارەتی دارایی دیاری كرد.

ئەمە لەو كاتەی ماجید شنگالی پەرلەمانتاری كورد لە پارتی دیموكراتی كوردستان كە پۆستی دارایی عێراق بە پشكی حزبەكەی دەزانێت رای گەیاند كە ئەوان بەڕێوەبردنی وەزارەتەكان بە وەكالەت رەت دەكەنەوە. 

لای خۆیەوە تۆفیق كەعبی پەرلەمانتاری بارستەی ئیسڵاح دووپاتی كردەوە كە تەواوی پەرلەمانتارانی عێراق دانانی وەزیران بە وەكالەت رەت دەكەنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرنیان ئاگەدار كردووەتەوە.

ئەو دووپاتی كردەوە كە چەند هۆكارێك هەن بۆ دیاریكردنی وەزیران بە وەكالەت لەوانە بارستە سیاسییەكان هاوكاری سەرۆك وەزیران ناكەن و كاندیدی تەكنۆكرات پێشكەش ناكەن، بۆیە پێویستە ئەوان هاوكار بن.  

سەعد حەدیسی گوتەبێژی فەرمی حكوومەتی عێراق رای گەیاند كە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق عەبدورەزاق عیسا وەزیری خوێندنی باڵای عێراقی وەك وەزیری دارایی عێراق بە وەكالەت دیاری كردووە و دووپاتیشی كردەوە كە هیچ گۆڕانكارییەكیش لە پۆستەكانی تردا نەكراوە.

هەفتەی رابردوو سەلیم شەوقی ئەندامی لیژنی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە هێز و بارستە سیاسییەكان بە گشتی خەتای دواكەوتنی دیاریكردنی كاندیدانی پۆستە ویزارییە بەتاڵەكان دەخەنە ئەستۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق.

سەرچاوە: شەرقییە نیوز 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل