"هەڵبژاردنی پارێزگای كەركووك پێویستی بە یاسای تایبەتە"

:: PM:08:02:18/01/2017 ‌

موحسین سەعدوون سەرۆكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی عێراق رای دەگەیەنێت كە لیژنەكەیان هەوڵ دەدات هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەی كەركووك هاوكات لەگەڵ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگەكانی تری عێراق بكرێت كە پێویستی بە یاسای تایبەتە لە پەرلەمان.

سەعدوون لەو بارەوە رای گەیاند كە یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان هەمووار دەكرێتەوە و ئێمەش لەگەڵ دانانی یاسایەكین بۆ هەڵبژاردنی كەركووك، بەڵام چەند بڕیارێك هەن كە بە دادگەی فیدراڵەوە پێوەستن و پێویستە هەڵبوەشێندرێنەوە بۆ ئەوەی رێگە لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كەركووك بە هاوشێوەی پارێزگاكانی تری عێراق واڵا بكرێت.

زیاتر گوتی، دەبووایە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 30ی نیسان/ئەپڕێلی 2017 ئەنجام بدرابووایە، بەڵام حكوومەت نەیتوانی پارەی پێویست بۆ كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكان تەرخان بكات و كۆمسیۆنیش بێ توانایی خۆی لە ئەنجامدانی پرۆسەكە لەو وادەیە راگەیاند، بۆیە پرۆسەكە بۆ 16ی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوو دوا خرا.

ئەو پەرلەمانتارە كوردە هیوای خواست كە كۆمیسیۆن بتوانێ هەڵبژاردنەكە رێك بخات و ئەوانیش وەك لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەو یاسایانە رێك دەخەین كە یاریدەرە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە. 

دوێنێ سێشەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا و لە سەر پێشنیازی پێشكەشكراو لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، 16ی مانگی ئەیلوول/ سێپتێمبەری داهاتووی وەك وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە عێراق دیاری كرد، كە بڕیاربوو لە 30ی نیسان، ئەپریڵ بكرایە، ئەو هەڵبژاردنەی كە پێشتر راگەیندرا كە پارێزگاكانمی هەرێمی كوردستان و مووسڵ و كەركووك ناگرێتەوە.

حكوومەتی عێراق بڕی 260 ملیار دیناری بۆ هەڵبژاردنەكان تەرخان كرد و كۆمیسیۆنیش وادەكەی لە ئەیلوولی داهاتوو راگەیاند، لەو كاتەی كۆمیسیۆن رای گەیاند كە هەڵبژاردنەكە پارێزگەی مووسڵ تا كاتی گەیشتنی راپۆرتی ئەمنی كە دۆخی پارێزگەكە هەڵدەسەنگێنێ ناكرێت، لە كەركووكیش تا كاتی دانانی یاسایەكی تایبەت لەلایەن پەرلەمانەوە بەو پارێزگایە بەپێی دەستوور ئەویش ناكرێت، بێجگە لە بەڕێوە نەچوونی هەڵبژاردنەكە لە هەرێمی كوردستان.

سەرچاوە: ئێس ئێن جی







وشە - مه‌حموود ئیسماعیل