عێراق بەرهەمهێنانی نەوت كەم دەكاتەوە

:: AM:10:34:12/09/2019 ‌

حكوومەتی عێراق بۆ ئەوەی پابەندی ئەو رێككەوتنە بێت كە لەگەڵ وڵاتانی ئۆپێك  كردوویەتی، لە بەرنامەیدایە بەرهەمهێنانی نەوت كەم بكاتەوە.

سامر غەزبان وەزیری نەوتی عێرق ئاشكرای كرد، دوای چەندان مانگ لە بەرهەمهێنانی نەوتی زیادە هەوڵی كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەدات و ئەو هەنگاوەش بەشێكە لە جێبەجێكردنی ئەو بەڵێنەی بە ئۆپێكی دابوو.

عێراق بە دووەم وڵاتی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت لە ناو 14 ئەندامەكەی ئۆپێك هەژمار دەكرێت و یەكێك لەو وڵاتانە بووە لە سەرووی ئەو نەوتەی بەرهەم هێناوە كە پێویستە بە گوێرەی رێككەوتنی ئۆپێك بەرهەمی بهێنێت.

بەگویرەی "مێهرنیوز" لە مانگی  ئابی ئەمساڵ كۆی بەرهەمهێنانی نەوتی عێراق گەیشتە چوار ملیۆن  و600 هەزار بەرمیل. وەزیری نەوتیش گوتی هەر لەم مانگەوە دەست بە كەمكردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت دەكەن و بەرهەمهێنانی نەوتیش بۆ ئامانجی بەرهەمهێنانی كارەبا لە 205  هەزار بەرمیلی رۆژانە بۆ 80 هەزار بەرمیل كەم دەكەنەوە.

هەڵبەت ئەم كەمكردنەوەیە لە بەرهەمهێنانی نەوت لەوانەیە كاریگەریی زۆر نەخاتە سەر ئەو بڕە نەوتەی بۆ دەرەوە هەناردەی دەكات، چونكە لەگەڵ كەمبوونەوەی ئاستی داخوازی لەسەر كارەبا لە عێراق نەوتێكی زیاتر لە بەرهەمهێنانی نەوت لە دەستی حكوومەتی عێراق دەمایەوە كە دەبوو هەناردەی دەرەوەی بكات و لەو كاتەشدا هەناردەی نەوتی عێراق دیسان ژمارەی پێوانەیی تۆمار دەكرد كە جێی نیگەرانی وڵاتانی ئۆپێك بوو.



وشە - سلێمان تاشان