لە خەبات دەرهێنانی ناسنامەی باری شارستانی دەوەستێت

:: PM:08:17:18/01/2017 ‌

فەرمانگەی باری شارستانی شارۆكەی خەبات داوا لە هاووڵاتییان دەكات كە سەردانیان نەكەن، چونكە مامەڵەی هیچ هاووڵاتییەك وەرناگیرێت و سەرجەم تۆمارەكان بۆ بەغدا نێردراون بەمەبەستی دەست پێ كردنی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی.
 
ئەمڕۆ چوارشەم سەمیر سابیر عەزیز سەرۆكی فەرمانگەی باری شارستانی قەزای خەبات لە ڕاگەیەندراوێكدا دەڵێ، مامەڵەی دەركردنی پێناسی باری شارستانی و ڕەگەزنامە لە هەردوو فەرمانگەی باری شارستانی شارەدێی ڕزگاری و كەورگۆسكی سەر بە شارۆكەی خەباتی سەر بە پارێزگای هەولێر ڕاگیراوە و مامەڵەی هیچ هاووڵاتییەك وەرناگیرێت، چونكە سەرجەم تۆمارەكان بۆ بەغدا نێردراون بەمەبەستی دەست پێ كردنی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی.

سەرۆكی فەرمانگەی باری شارستانی شارۆكەی خەبات لە ڕاگەیەندراوەكەی هەروەها داوای لە هاووڵاتییان كردووە كە سەردانیان نەكەن تا كاتی دەست پێ كردنی دەرهێنانی كارتی نیشتیمانی لە خەبات، كە لە نزیكترین كاتدا دەست دەكەین بەدەرهێنانی كارتی نیشتیمانی و لە كاتی دەست پێ كردنی ئاگەدارتان دەكەینەوە.

لە سنووری پارێزگای هەولێر ٤٣٠ فەرمانگەی باری شارستانی هەیە، بۆ كارتی نیشتمانانیش پلانەكە بەو شێوەیەیە كە هەرجارە و چەند فەرمانگەیەك پێكەوە تۆمارەكان دەگەرێننەوە بۆ بەغدا.

قەزای خەبات دەكەوێتە رۆژئاوای هەولێر لەسەر رێگەی هەولێر - مووسڵ بە دووری ( 37 ) كم لە شاری هەولێرەوە، هەروەها دەروازەی بەیەكەوەبەستنی هەردوو شاری مووسڵ و دهۆكە بە پارێزگای هەولێر.



وشە - رامیار جەواد